ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق لەسەر هەڕەشەکردنى وەزیرێک بە قاچ شکاندنى ژنە پەرلەمانتارێک لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا دێتە دەنگ و داواى دەستلەکارکێشانەوەى ئەو وەزیرە دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەماوەى ڕابردوودا محەمەد کەریم خەفاجى، وەزیرى کشتوکاڵى عێراق لە گفتوگۆیەکى تەلەفزیۆنیدا هەڕەشەى قاچ شکاندنى لە ئەندامێکى ژنى پەرلەمانى عێراق کرد بەبێ ناوهێنان و ئەوەش کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا.
لاى خۆیەوە عەلى بەدیرى ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دانیشتنى ڕۆژى (29ى حوزەیرانى 2021)ى پەرلەماندا وتى، وەزیرى کشتوکاڵ هەڕەشەى قاچ شکاندنى لە پەرلەمانتارێک کردووە، پێمانوایە ئەوەش سوکایەتیکردنە بە دامەزراوەیەکى گرنگى عێراق کە دامەزراوەى یاسادانانە.
ڕونیشیکردووەتەوە، کەسێک لە ئاستى وەزیردا بەو شێوەیەک قسە بکات کە زۆر دوورە لە ناوى وەزیرى دەوڵەت و قسەکانى لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان بڵاوبکرێتەوە، وێنەیەکى زۆر خراپى ئەداى حکومەت و کارى پەرلەمانى پیشاندا.
ئاماژەى بەوەشداوە، ئايا دەنگونجێت وەزیرێک بەو شێوەیە هەڕەشەى پاچ شکاندن لە پەرلەمانتارێک بکات، ئەگەر پەرلەمانتارەکە هەڵەیەکى کردووە ئەوە یاسا هەیە، بەڵام بەهۆى هێرشکردنە سەر گەورەترین دامەزراوەى عێراق بەو شێوەیە داواى دەستلەکارکێشانەوەى ئەو وەزیرە دەکەین، ئەوە سوکایەتیکردنە بە هەمووان.
لاى خۆیەوە محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان لە وةڵامى پەرلەمانتارەکەدا وتى، ئەگەر وەزیرێک هەڕەشەى قاچ شکاندن لە پەرلەمانتارێک بکات کە پارێزبەندى هەیە، خودا پشت و پەناى جوتیاران بێت کاتێک دەچنە وەزارەتەکەى بۆ داواکردنى شایستەکانیان.
حەلبوسى لە بەشێکى ترى قسەکانیدا جەختیلەوەکردووەتەوە، ڕێوشوێنى پێویست دژى بگرنە بەر و بانگهێشتى بکەن و لێپرسینەوەى لەگەڵدا بکەن و پرسیارى ئەوەى لێ بکەن کە ئەو ژنە پەرلەمانتارە کێیە کە هەڕەشەى لێکردووە، پەرلەمانتارەکەش مافى خۆیەتى وەڵامى بداتەوە و دواتر مافى پەرلەمانیشە ڕێوشوێن بگرێتەبەر، خراپ قسەکردن لەسەر پەرلەمان بە گشتى بەهەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە و زیان بە دامەزراوەى یاسادانان دەگەیەنێت.