گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێکی نوێ لە یەکێتی ئەوروپاوە لەبارەى سزادراوانی بادینان

2021.06.30 - 10:44
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێکی نوێ لە یەکێتی ئەوروپاوە لەبارەى سزادراوانی بادینان

ناس کورد-

یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی لە بڕیاری کۆتایی دادگای تێهەڵچوونەوەى هەولێر دەربڕی لەبارەى پەسەندکردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی بادینان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی حوزەیرانی 2021، نێردەی تایبەتی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە دەڵێت، نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی دیبلۆماتکارانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا لە عێراق جەختی لە ڕاگەیەنراوی پێشوو (10ی ئایاری 2021) بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنەوە کە "نیگەرانی قوڵمان نیشاندا لەبارەى سزادانی پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوس، چونکە دادگایکردنەکە دادپەروەرانە نەبووە."

 

دەشڵێت، "نیگەرانییەکان چەند شتێک دەگرێتەوە کە بریتین لە دەنگۆکانی ئەشکەنجەدان، دەستڕانەگەیشتنی تیمی بەرگریکار بە دۆسیەی زیندانیان و هەروەها فشاری سیاسی لە کەیسەکەدا."

 

نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی دیبلۆماتکارانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا لە عێراق داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاسپاردەکانی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەند وەربگرن بەتایبەتی "ئەوانەی پەیوەندییان بە هەراسانکردن، ترساندن و تۆڵەکردنەوە هەیە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی یاسای تاوان وەک ئامرازێک بەکارنەهینرێ بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین."

 

جەختی کردووەتەوە کە یەکێتی ئەوروپا هیوادارە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیایی و هەروەها سەربەخۆیی دادوەری و دادگاکان بپارێزرێت کە کۆڵەکەى دیموکراسین.

 

ڕۆژی 27ی حوزەیرانی 2021، دادگای تێهەڵچوونەوەى ھە‌رێم بڕیاری جێبە‌جێكردنی شە‌ش ساڵ زیندانیكردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی جێبە‌جێكردوە‌ و سەرجەم تانە و ڕاستکردنەوەکانی ڕەتکردەوە و بواری پێداچوونەوە بە سزاکەدا نەما.

 

بەشدار حەسەن، پارێزەری سزادراوانی بادینان (یەکشەممە 27ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "یەکێک لە پارێزارەرەکانمان چووەتە دادگای پێداچوونەوە و ئەوەیان پێ ڕاگەیاندووە کە جارێکیتر بڕیاردراوە بە پەسەندکردنی سزای سزادراوانی بادینان."

 

ئەگەرچی پێشتریش دادگای پێداچوونەوە سزاکەی پەسەندکرد، بەڵام لەدوای فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەبارەی دۆسییەکەوە، دۆسییەکە جارێکیتر گەڕێنرایەوە دادگای پێداچوونەوە ئەوەش بۆ دروستکردنی هەلێکی دیکە بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکە.

 

ئەگەرچی لەدوای فشارەکان، پارێزەران و کەسوکاری سزادراوان بە ئومێد بوون بۆ هەڵوەشاندننەوەی سزاکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە دوا بڕیاری دا.

 

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا تەنها سەرۆکی هەرێم دەتوانێت لێبوردن بۆ ئەو چالاکوانانە دەربکات، یاخود پەرلەمان و حکومەت لێبوردن بۆ ژمارەیەک بەندکراو دەربکەن لەنێویشیاندا ئەو چالاکوانانە.

 

وتیشی، "چەندین بەندکراو هەن کە بە تۆمەتی زۆر سادە و بچوک لە زینداندان، بۆیە ئێمە داوا لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین لێبوردنێک دەربکەن، چونکە لەساڵی 2016وە لێبوردن لە هەرێم دەرنەکراوە."