گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کامێراى چاودێرى چى نیشاندەدات؟

سەمەد لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بەدوو فیشەک کوژرا

2021.06.29 - 11:55
App store icon Play store icon Play store icon
سەمەد لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بەدوو فیشەک کوژرا

ناس کورد-

 

سەمەد تا درەنگانى شەوى رابردوو لەگەڵ دراوسێکانى سەرقاڵى گفتوگۆکردن بوو بۆ قیرتاوکردنى شەقامى گەڕەکەکەیان و دروستکردنى باخێک، بێ ئاگا لەوەى چەند کاتژمێرێک دواتر و لەبەیانیەکى زوودا بە چەند فیشەکێک کۆتایی بە ژیانى دەهێنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەمەد کە لەپەنجاکانى تەمەنیدا بوو یەکێک بوو لەسەرمایەدارەکانى سلێمانى و خاوەنى بەنزینخانەى شەن بوو لە نزیک شاری سپی، ماوەى حەوت مانگ بوو لە گەڕەکى سروشتى سلێمانى لەسنورى قڕگە نیشتەجێ بوو.

 

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سەمەد وەک هەر رۆژێکى دیکە بە ئۆتۆمبێلەکەى منداڵەکەى گەیاندە قوتابخانە، بەڵام لەکاتى گەڕانەوەی و نزیکبوونەوە لەماڵەکەى درایە بەر دەستڕێژى گولـلە و دەستبەجێ گیانى لەدەستدا.

 

ژمارەیەک شایەتحاڵ لە شوێنی رووداوەکە کە هاوکات دراوسیی کوژراوەکەشن بە  "ناس کورد" یان ڕاگەیاند، سەمەد سەرلەبەیانى ئەمڕۆ منداڵەکەی بردووە بۆ قوتابخانە و لەکاتی گەڕانەوەیدا لەنزیک ماڵەکەی خۆی تەقەی لێکراوە.

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، سەمەد کەسێکی نەرمونیان و بێ کێشە بووە و بەردەوام دەستی هاوکاری درێژکردووە بۆ کەسانی کەمدەرامەت وهەژاری گەڕەکە.

 

ڕووداوەکە لەنێوان کاتژمێر 8:30  بۆ 9:00 سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ڕوویداوە، بەپێی وتەى شایەتحاڵەکان لە کاتی رووداوەکەدا  سەمەد جلی ماڵەوەی لەبەردا بووە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بووە و دوو گولـــلەی ئاڕاستە کراوە و یەکێکان بەرسەری کەوتووە و دەست بەجێی گیانی لەدەستداوە.

 

ئەوەشیان خستەڕوو، دوایین جارکە (سەمەد)یان بینوە کاتژمێر 11.00 شەوی رابردوو بووە کەلەگەڵ ژمارەیەک دانیشتوی گەڕەکەکە کۆبووەتەوە و لەهەوڵی ئەوەدا بووە کۆمەکی یەکتربکەن بۆ ئەوەی  شەقامی گەڕەکەکە قیرتاو بکەن و باخێکیش دروست بکەن.

 

بەگوێرەی وتەکانی شایەتحاڵەکان، کامێراکانی چاودێری گەڕەکەکە ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسەی تەقەی لە(سەمەد) کردووە پیادە بووە و دەمانچەی پێ بووە و دوای تەقەکردنە بەخێرایی  هەڵهاتووە.

 

لەدواى رووداوەکەوە پۆلیس لێکۆڵینەوەى دەستپێکردووە، بەڵام هێشتا هۆکارى رووداوەکەى ئاشکرانەکردووە.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی( 29ی حوزەیرانی 2021) بە" ناس کورد"ی ڕاگەیاند "ئەو هاوڵاتییە ئەم بەیانییە منداڵەکەی بردووە بۆ قوتابخانە و لەڕێگە تەقەی لێکراوە و فیشەکێک بەرسەری کەوتووە و دەست بەجێ گیانی لەدەستداوە".

 

وتیشى "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە وتیمەکانی تاوان لە شوێنی ڕوداوەکەن، بەڵام تائێستا هۆکاری کوشتنەکەی  دیار نییە".