گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی

هۆشداریی لە ’’داڕوخانى’’ کەرتى نەوتى هەرێم دەدرێت

2021.06.28 - 23:26
App store icon Play store icon Play store icon
هۆشداریی لە ’’داڕوخانى’’ کەرتى نەوتى هەرێم دەدرێت

ناس کورد-

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان هۆشداریی لە داڕوخانى کەرتى نەوت دەدات لە دوو ساڵى داهاتوودا، ئەگەر کۆمپانیا نەوتییەکان وادەى وەرگرتنەوەى قەرزەکانیان درێژ نەکەنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەڵێن ئیسماعیل ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا ڕایگەیاند، لەساڵانى 2024-2025 دۆسیەى نەوتى هەرێم دادەڕوخێت، ئەگەر کۆمپانیاکان وادەى وەرگرتنەوەى قەرزەکانیان درێژنەکەنەوە.

 

وتیشى، "لەو ئەگەرەدا دوو ئەوەندەى ئێستاى داهاتى نەوت دەچێت بۆ کۆمپانیاکان بەهۆى پێنەدانەوەى قەرزەکانیان و ئەرکى حکومەتە رێگەچارەى گونجاو بۆ ئەو دۆخە بدۆزێتەوە".

 

بەڵێن ئیسماعیل باسى لەوەشکرد، حکومەت بڕیارەکانى خۆى جێبەجێ ناکات، بۆیە ئەگەر پەرلەمانیش بڕیارى کۆتایی هاتنى لێبڕین دەربکات هەر جێبەجێ ناکرێت.

 

هاوکات سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، قەرزەکانى سەر حکومەتى هەرێم 31 ملیار دۆلارى تیپەڕاندووە، بەهۆى گۆڕانکاریی نرخى دۆلار و پاشەکەوتى موچە و قەرزى بانکى بازرگانى عێراقەوە.

 

ئامانج ڕەحیم لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ دووشەممەى (28ی حوزەیرانی 2021) پەرلەمانى کورستاندا وتى، "هەرێم هیچ جۆرە قەرزێکى نەکردووە بەپێی ڕێککەوتنى فەرمى لەگەڵ هیچ دامەزراوە و بانکێکى نێودەوڵەتى، بەڵکو ئەوەیکراوە زیاتر دەچێتە چوارچێوەى پابەندى داراییەوە".

 

وتیشى، "هەرێم پەناى بردووە بۆ پارەى پێشکەشى لە کۆمپانیا نەوتییەکان، بەشێکى تریشى پارەى پاشەکەوتکراوى موچەى فەرمانبەرانە".

 

ئامانج ڕەحیم باسى لەوەشکرد، تا 31ى ئازارى 2021، قەرزەکان زیادبووە بۆ 31 ملیار دۆلار و 637 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە 37 ترلیۆن و 394 ملیار دینار.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەشى گەورەى قەرزەکە موچەى پاشەکەوتکراوە کە 12 ملیار دۆلارە، بەشێکى دیکەى قەرزەکان تایبەتە بە بانکى بازرگانى عێراق کە نزیکەى چوار ملیار دۆلارە.