ناس کورد-
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکەى دادگای تێهەڵچوونەوەى هەولێر لەبارەى سزادانی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان "دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامودەزگاکانی سیستەمی دادوەری لە هەرێم پێویستە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا دەڵێت، "بەداخەوە بڕیارەکەى دوێنێی دادگای تێهەڵەچوونەوەى هەولێر دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامودەزگاکانی سیستەمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە هەرێمی کوردستان بۆ پێشتگرتن لەم جۆرە بڕیاردانە چەوتانە."
دوێنێ دادگای تێهەڵچوونەوەى ھەرێم بڕیاری جێبەجێكردنی شەش ساڵ زیندانیكردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی جێبەجێكردوە و سەرجەم تانە و ڕاستکردنەوەکانی ڕەتکردەوە و بواری پێداچوونەوە بە سزاکەدا نەما.
بەشدار حەسەن، پارێزەری سزادراوانی بادینان (27ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "یەکێک لە پارێزارەرەکانمان چووەتە دادگای پێداچوونەوە و ئەوەیان پێ ڕاگەیاندووە کە جارێکیتر بڕیاردراوە بە پەسەندکردنی سزای سزادراوانی بادینان."
ئەگەرچی پێشتریش دادگای پێداچوونەوە سزاکەی پەسەندکرد، بەڵام لەدوای فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەبارەی دۆسییەکەوە، دۆسییەکە جارێکیتر گەڕێنرایەوە دادگای پێداچوونەوە ئەوەش بۆ دروستکردنی هەلێکی دیکە بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکە.
ئەگەرچی لەدوای فشارەکان، پارێزەران و کەسوکاری سزادراوان بە ئومێد بوون بۆ هەڵوەشاندننەوەی سزاکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە دوا بڕیاری دا.
بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا تەنها سەرۆکی هەرێم دەتوانێت لێبوردن بۆ ئەو چالاکوانانە دەربکات، یاخود پەرلەمان و حکومەت لێبوردن بۆ ژمارەیەک بەندکراو دەربکەن لەنێویشیاندا ئەو چالاکوانانە.
وتیشی، "چەندین بەندکراو هەن کە بە تۆمەتی زۆر سادە و بچوک لە زینداندان، بۆیە ئێمە داوا لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین لێبوردنێک دەربکەن، چونکە لەساڵی 2016وە لێبوردن لە هەرێم دەرنەکراوە."