ناس کورد-
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد لێکۆڵینەوە بکرێت و ئاشکرابکرێت کە چ پەرلەمانتارێک پارەی لە بەڵێندەر و وەبەرهێن وەرگرتووە و لەسێدارە بدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەماوەی ڕابردوودا بە نوسراوێک ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی تایبەتیی پەرلەمانتارانی بۆ کاری پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی قەدەغە کرد، ئەوەش بە گومانی ئەوەی دروستکردووە کە پێشتر ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەنێوان پەرلەمانتار و خاوەن پڕۆژەکان کراوە بۆ داپۆشینی کەموکوڕی، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لەنێو پەرلەمانتاراندا دروست کرد.
لەمیانەی کاردانەوەکاندا، کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی (دووشەممە 28ی حوزەیرانی 2021) لە میانەی دانیشتنی پەرلەماندا ڕایگەیاند، "داواکارم بەزووترین کات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەو پرسە پێکبهێنرێت و ناوەکان هەرکەسێکن ئاشکرابکرێن و هەرکەسێکن لەم پەرلەمانە جێگایان نابێتەوە و دەبێت لە سێدارە بدرین."
وتیشی، "ناکرێت هەموو ئەندامانی پەرلەمان پێکەوە تۆمەتبار بکرێن و هەموومان پێکەوە ناومان بزڕێندرێت و تەشهیرمان پێبکرێت."
لە بەرامبەردا، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "ئێمە لە نوسراوەکەدا ناوی کەسمان نەهێناوە و بەرپرس نیین لەوەی چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەک پەرلەمانی عێراق بنەمای سلوکی پەرلەمانیمان نییە، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت لێکۆڵینەوە بکرێت دەبێت بەپێی مادەی 43 داوای دروستکردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بکرێت بۆ ئەو مەبەستە."