گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

بکوژی مێردمنداڵەکەی هەولێر ئاشکرا کرا.. ’’هێزە ئەمنییەکان’’

2021.06.26 - 22:52
App store icon Play store icon Play store icon
بکوژی مێردمنداڵەکەی هەولێر ئاشکرا کرا.. ’’هێزە ئەمنییەکان’’

ناس کورد-

لەدوای گومانی کەسوکاری مێردمنداڵێک لە کوژرانی کوڕەکەیان لە 8ی ئەم مانگەدا، پۆلیسی هەولێر دانی بەوەدا نا کە ئەو گەنجە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە کوژراوە، ئەوەش لەدوای ئەوەی تەقەی لە مەفرەزەی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە بەرواری 8ی حوزەیرانی 2021، لە سنوری دەشتی هەولێر لە ڕووداوێکدا مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵان کوژرا و کەسوکارەکەی گومانیان لە ڕووداوەکە هەیە و ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان دەیانەوێت دۆسییەکە دابخەن.

 

لەدوای نزیکەی سێ هەفتە لە ڕووداوەکە و قسەکانی کەسوکاری کوژراوەکە، ئەمشەوی (شەممە 26ی حوزەیرانی 2021) هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوەکە دا و ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەو گەنجە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لە مەفرەزەیەکدا کوژراوە.

 

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "شەوی 8ی حوزەیرانی 2021، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی هەولێر مەفرزەیەکیان داناوە کە پێکهاتبوون لە پۆلیس و ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، لەکاتژمێرا 11:00ی شەو لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (BMW) تەقە لە مەفرەزەکە دەکرێت و خۆیان دەکەن بەنێو مەفرزەکەدا."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی  ئەو دەزگا ئەمنییانە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلەدا تۆمەتباری تەقەکەر بەناوی (ح. ج. ی) کوژراوە و تۆمەتبارەکەی دیکەش دەستگیرکراوە."

 

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشکرد، "لەدوای ڕووداوەکە لە ئۆتۆمبێلەکەدا دەستگیراوە بەسەر چەندین چەک و گولـلە و نارنجۆکی دەستی و دەریشکەوتووە ئەو کەسەی کوژراوە پێشتر شەش فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و داواکراوە بووە."

 

ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێر لەدوای ئەوە هات برایەکی ئەو مێردمنداڵە (شەممە 26ی حوزەیرانی 2021) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ڕۆژی 9ی ئەم مانگە چەند كەسێك بە ماتۆڕ هەواڵی كوژرانی براكەمیان پێ گەیاندم، كاتێك چوومە بنكەی پۆلیس، بەڕێوەبەری بنكە پێی وتم، براكەت لەگەڵ كەسێكی دیكە لە مەفرەزەی هاوبەشیانداوە و دژەتیرۆر براكەتیان كوشتووە."  

  

ئاماژەی بەوەشکرد، "دواتر چوومە پزیشکی دادوەری و هەموو شتێک تەواو بوو، من بۆ بەڵگە بە گرتەی ڤیدیۆیی لامە کە تەرمی براکەم حەوت گولـلەی پێوەبووە، جگە لەوەی شوێنی قەمەش لێی درابوو بە 18 تەقەڵ دوورابووەوە."  

  

ئەوەشی ئاشکراکرد، "بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر پێی وتین، ڕاگەیاندنەکان تێمەگەیەنن، شیخ وەیسی بارزانی خۆی لەسەر خەتە، هەم لە پزیشکی دادوەریش وتیان ڕاگەیاندنەکان تێمەگەیەنن بۆخۆتان خراپە، ئێمەش تەرمەکەمان وەرگرتەوە و بەخاکمان سپارد."  

  

باسی لەوەشکرد، "براکەم لە پێشەوە گولـلەی لێدراوە و لەسەری دراوە، ئەگەر لە مەفرەزە هەڵبهاتایە دەبوو لە دواوە لێی بدرایە، هەروەها پاش 15 کاتژمێر لەڕێگەی دوو کەسی مەدەنییەوە پێیان وتووین کوڕەکەتان کوژراوە، هەروەها کوڕەکەی ئێمە ئۆتۆمبێلی پێنییە و هاوڕێکەشی سەلامەتە بۆیە گومانمان لە ڕووداوەکە هەیە."  

  

ڕوونیشیکردەوە، " ئێستاش كەس ئامادە نیە لەسەر دۆسیەكە بێتە دادگا و شایەتی لەسەر ڕووداوەكە بدات و هەوڵ دەدرێت دۆسیەكە دابخرێت."