ناس کورد-
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە ئەگەر هاتنی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا دەدات و دەشڵێت، چاودێریی دۆخەکە دەکەن و لە هەر ئەگەرێکی ترسناک دامودەزگاکانی راگەیاندن و هاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (شەممە 26ی حوزەیرانی 2021) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " بە دوو شەپۆلی کۆرۆنادا تێپەڕبووین، هۆشداری دەدەینە هەموو لایەک کۆرۆنا لە جیهاندا تەواو نەبووە، وڵاتانی زۆر پێشکەوتوو و زلهێز هۆشداری لە شەپۆلی سێیەم دەدەن، خوانەخواستە ئەگەر هەبێت دەبێت ئێمە پابەندی رێنماییەکان بین، دەبێت ئاساییبوونەوەی ژیان بە رێکار و مەرجە تەندروستییەکان بە هەند وەربگرین."
وتیشی، " چەند رۆژێکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقیشەوە ئەو هۆشدارییە دراوە، گومان دەکرێت یان ئەگەرێک هەیە کە شەپۆلی سێیەم بێت، ئێمەش چاودێری ڕەوشەکە دەکەین و وەکو وەزارەتی تەندروستی راپۆرتی هەفتانەمان هەیە، لە هەر گومان و ئەگەرێکی ترسناک بە دڵنیاییەوە دامودەزگاکانی راگەیاندن و هاووڵاتیانی لێ ئاگادار دەکەینەوە."
جەختیشیکردەوە، " هاووڵاتیان دەبێت پابەندبن بە بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە لە یەکدی و نەچوون بۆ شوێنی قەرەباڵخ، ئەمە گرنگترین رێکارە هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی پرۆسەی پێدانی ڤاکسین."