ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی عێراق گەیشتنی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنای بۆ وڵات ئاشکرا کرد و دەڵێت، ڕێکارەکانی خۆپارێزی زیاتر دەکەن و هەڵمەتی کوتانیش خێراتر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (26ی حوزەیرانی 2021) دەڵێت، "شەپۆلێکی پەتایی نوێ ڕووی لە وڵات کردووە کە توند و مەترسیدارترە لە شەپۆلەکانی یەکەم و دووەم کە پێشتر وڵاتی گرتەوە."
دەشڵێت، "شەپۆلە نوێیەکە پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتر و ڕێکاری نوێ هەیە، گرنگە خەڵکی دەمامک ببەستێت و مەودای دوری ڕەچاو بکات، ئەوە جگە لە وەرگرتنی ڤاکسین."
وتەبێژەکەى تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزارەت "پلانێکی گشتگیری دەستپێکردووە بۆ زیادکردن و خێراکردنی هەڵمەتی کوتان لەڕێگەی زیادکردنی بنکەکانی کوتان لە بەغدا و پارێزگاکانی تر."
ناوبراو جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە ڕێکار و یاساکانی خۆپارێزی تایبەت بە لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا کرد و داوای لە سەرجەم میدیاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد پەیام و زانیاریی دروست و هۆشیارکەرەوە بڵاوبکەنەوە.
سەیف بەدر جەختیشی لە گرنگی ڕۆڵی زانایانی ئاینی و سەرکردە عەشائیرییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە بڵاوکردنەوەى هۆشیاری تەندروستی تاوەکو هاوڵاتیان هان بدات خۆیان بپارێزن.