گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’کۆبوونەوەى باڵا’’..پارتى دۆخى پەیوەندییەکانى لەگەڵ یەکێتى رادەگەیەنێت

2021.06.24 - 22:07
App store icon Play store icon Play store icon
’’کۆبوونەوەى باڵا’’..پارتى دۆخى پەیوەندییەکانى لەگەڵ یەکێتى رادەگەیەنێت

ناس کورد-

 

وتەبێژى پارتى رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتى ساردى تێکەوتووە و بەپیرەوەهاتن نییە بۆ کۆبوونەوەى هەردوولا لەسەر ئاستى باڵا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەحمود محەمەد ئەمڕۆ پێنج شەممە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى وتى "دەبوو تا ئیستا چەندین دانیشت لەگەڵ یەکێتى بکرایە لەسەر ئاستى مەکتەبی سیاسی".

 

وتیشى "بەڵام دەبینین ئەو بەپیرەوە هاتنە نییە بۆ ئەو کۆبوونەوانە، ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى هەردوولا ساردبن لەگەڵ یەکتر".

 

وتەبێژى پارتى باسى لەوەشکرد، لەبەر کۆمەلێک هۆکارى ناوخۆیی ناو حزبەکان ئەو گەرموگوڕییەى جاران نییە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانیان گەرم و گوڕ بکەنەوە.

 

لەدواى کۆنگرەى یەکێتییەوە کە لە کۆتایی 2020 بەسترا، پەیوەندییەکانى ئەو حزبە و پارتى ڕوویان لە ئاڵۆزى زیاتر کردووە و تائێستاش کێشەکانیان بێ چارەسەر ماونەتەوە، چەندین هەوڵ بۆ ڕێککەوتن و کۆبوونەوەى نێوانیان شکستى هێناوە.  

 

فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی 21 ى حوزەیرانى 2021 بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "لەدواى پێکهێنانى حکومەتى ئێستاوە کێشەکانیان لەگەڵ پارتى زیاد بووە، تا ئێستا ئاسۆیەک نابینین بۆ چارەسەر".  

  

کێشەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر ئاستى جیاجیان، وەکو حکومەت و پەرلەمان، سەرەڕاى ئەوەى هێشتا هەردوو حزبەکە وەک دوو پێکهێنەرى سەرەکى کابینەى نۆیەم ماونەتەوە، بەڵام دیار نییە کێشەکانیان بەکوێ دەگات.  

  

فەرید ئەسەسەرد وتى، "نازانم دەرفەت هەیە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ پارتى بگەڕێتەوە دۆخى جاران یاخود نا، چونکە زۆ شت گۆڕاون و هەندێ پرس هاتووەتە ئاراوە کە تەگەرەى دروستکردووە هاوپەیمانى یەکتر بین".  

  

وتیشى، "دەرفەت هەیە پەیوەندییەکانمان چاک بکەینەوە و ڕێگرییەکى زۆر گەورە نییە، بەڵام ئەوە بە ئیرادەى هەردوولا دەبێت نەک یەک لایەن".  

  

بەهۆى بەردەوامى کێشەکانیانەوە پارتى و یەکێتى زیاتر لەساڵێکە لەسەر ئاستى باڵا کۆنەبوونەتەوە و چەندین هەوڵ لەو بارەیەوە بێئەنجام بوون، بەڵام ئەسەسەرد پەیوەندى نێوان هەردوو حزبەکە بەشێوەى دیکە ئاشکرادەکات.  

  

"بایکۆت لەنێوانماندا نییە، نە ئێمە بایکۆتى ئەوان بایکۆتى ئێمەیان کردووە، نە ئێمە بایکۆتى ئەوانمان کردووە، بەردەوام شاندەکان یەکتر دەبینن، ئەگەر لەبەرچاوى تەلەفزیۆنیش نەبێت بە مۆبایل قسە دەکرێت و کۆنتاکتەکان بەردەوامن"، ئەسەسەرد وایوت.  

  

دەشڵێت، بەڵام هەنگاوەکان بچوکن و هەنگاوى گەورە نەنراوە، بۆیە نەتوانراوە کێشەکان چارەسەر بکرێت، پێویستیان بەهەنگاوى گەورەترە لەو بارەیەوە بۆ چارەسەرى کێشەکان.