گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

وردەکاریى پێدانى ئۆتۆمبێل و دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بە قیست بۆ مامۆستایان 

2021.06.23 - 21:09
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریى پێدانى ئۆتۆمبێل و دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بە قیست بۆ مامۆستایان 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی موچەوە پرۆژەی پێدانی ئۆتۆمبێل بەمامۆستایان بەشێوەی قیست لەماوەی رابردوودا گرفتی تێکەوت، بۆیە لەئێستادا پلانیان هەیە ئەو پرۆژەیە جارێکی دیکە زیندوو بکەنەوە. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەبدولواحید حاجی،سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان (23ی حوزەیرانی 2021) لەلێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند "لەماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانمان بۆ دابینکردنی ئۆتۆمبێل بەشێوەى قیست بۆ مامۆستایان گەیشتە ئەنجام و چەند وەبەرهێنەرێک ئامادەیی خۆیان بۆ پرۆژەکە نیشاندا، بەڵام  قەیرانی دارایی، نەبوونی موچە و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا گرفتی بۆ پرۆژەکە دروست کرد".

 

وتیشی "پرۆژەی دابین کردنی ئۆتۆمبێل بۆ مامۆستایان، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی یەکێتی مامۆستایان و دەست بەرداری نابین، بۆیە لەئێستادا هەوڵەکانمان خستووەتە گەر بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە ئەوەش بەهاوکاری ژمارەیەک وەبەرهێنەر، چاوەڕێى ئەوە دەکەین هەندێک دۆخی دارایی عێراق و هەرێم بەرەو باش بوون بڕوات".

 

لەبارەی پرۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی شاری دووی مامۆستایان لەپارێزگای سلێمانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان وتی "پرۆژەکە تەواوکەری پرۆژی یەکەمە کە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی شاری سلێمانییەوە کەلەئێستادا خۆشبەختانە لەقۆناغی کۆتایدایە و هەزار و 995 مامۆستا لێی سوودمەند بوون".

 

ئاماژەی بەوەکرد "پرۆژەی دووەمی شاری مامۆستایان، زیاتر لە 223 دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای شاری سلێمانی بۆ تەرخان کراوە، بڕیارە  نزیکەی سێ هەزار مامۆستا لێی سودمەند بێت، پرۆژەکە تەواوکەری پرۆژەی یەکەمە".

 

بەوتەی عەبدولواحید حاجی "پرۆژەکە بەشێوەیەکی فەرمی ڕەزامەندی حکومەتی وەرگرتووە و تەنها  ئەوە ماوە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو وەبەرهێنەرە بکەین کە بڕیارە پرۆژەکە جێبەجێ بکات، هاوکات لەگەڵ هەندێ کاری هونەری و دیزاینکردن".

 

"هەرکات ڕێکارە یاساییەکان و هونەرییەکانی پرۆژە نوێیەکە تەواوبوون، لەسەر بنەمای خاڵبەندی و لەڕێگەی فۆرمێکەوە یەکەکان بەشێوازێکی دادپەروەرانە دەدرێت بە مامۆستایان" سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان وای وت.

 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دروستکردنی شاری  نیشتەجێبوونی دووی مامۆستایان لە شاری سلێمانی، بەشێک لە مامۆستایان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵەکەیان وەک هەوڵێکی یەکێتی مامۆستایان ناوبرد بۆ ئەوەی مامۆستایان ناچار بکات پێناسەی ئەندامێتی سەندیکا تازە بکەنەوە و بەرانبەر ئەوەش بڕێک پارەیان لێ وەربگرن، عەبدولواحید حاجی رەتیکردەوە کە هەواڵەکە بۆ ئەو مەبەستە بێت و وتى "بوون بەئەندام لە سەندیکای مامۆستیان ئارەزوومەندانەیە کەسیش ناچار ناکرێت بەزۆر ببێت بە ئەندام، بەڵام گرنگە لەکاتی گفتۆگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، یەکێتی مامۆستایان سەنگ و قۆرسایی خۆی هەبێت، هەموو ڕێکخراوێکیش سەنگی خۆی لەزۆری ژمارەی ئەندامەکانی بەدی دەکات، کەئەوەش زۆر گرنگە بۆ کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاتێک داوای مافی خۆمان دەکەین".