گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە تاتۆکەیدا ناسرایەوە

لەدوای تەلەفۆنێک جوانڕۆی باڵەبان ڕۆشت و ئیتر نەگەڕایەوە

2021.06.23 - 11:59
App store icon Play store icon Play store icon
لەدوای تەلەفۆنێک جوانڕۆی باڵەبان ڕۆشت و ئیتر نەگەڕایەوە

ناس کورد-

جوانڕۆى باڵەبان سەرەتاى ئەم هەفتەیە خێزان و کەسە نزیکەکانى لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بەجێهێشت و بەڵێنیدا دوو ڕۆژى دیکە بگەڕێتەوە، بێ ئاگا لەوەى ئەوە دەبێتە گەشتى نەگەڕانەوە و لەرووداوێکى ناڕووندا تەرمەکەى دەگەڕێنرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جوانڕۆ کەریم (44 ساڵ) کە بە شمشاڵەکەى قالە مەڕە ناسرابوو، ساڵانێکى زۆر بوو بە شمشاڵەکەى ئاوازى بۆ ژیان دەچڕى، بەڵام کۆتاییەکى پڕ ئازارى بۆ هاوڕێ و کەسە نزیکەکانى بەجێهێشت کە بەئاسانى بیریان ناچێتەوە.

 

سەرەتاى ئەم هەفتەیە جوانڕۆ کە خێزاندارە و خاوەنى سێ کچ و کوڕێکە، وەک هەر سەردانێکى دیکەى ئاسایی لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت بۆ ئەوەى بچێت بۆ دەوامە فەرمییەکەى لەتیپى جوقى سەربازى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە و بەڵێنی دا دوو ڕۆژى تر بگەڕێتەوە، بەڵام پێش تەوابوونى دەوامەکەى خنکێنرا و تەرمەکەى گەڕێنرایەوە.

 

حاجى لەتیف خاڵۆزاى جوانڕۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد"ى راگەیاند "جوانڕۆ هیچ کێشەیەکى نەبوو، کە رۆیشت بۆ هەولێر وتى دوو رۆژى تر دەگەڕێتەوە دواى تەواوبوونى دەوامەکەى".

 

کەسوکارەکەى کە هێشتا شۆکى ڕووداوەکە بەری نەداون ڕووداوەکەیان بۆ ڕوون نەبووەتەوە و نازانن هۆکارەکەى چی بووە، پۆلیسیش دەڵێت، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە، بەڵام نەگەیشتوون بە ئەنجام.

جوانڕۆ درەنگانى شەوى دووشەممە لەگەڵ هەندێ لە هاوڕێکانى بووە لە هەولێر و وتویەتى دەچێت نان دەخوات، بەڵام نەگەڕاوەتەوە لایان، ئەوەش گومانى لاى هاورێکانى دروستکردوە و دەستیان کردووە بە سۆراغکردنى.

 

حاجى لەتیف وتى "دواى بێئەنجامى سۆراغکردنى، هاوڕێکانى ئاگادارکراونەتەوە لە دۆزینەوەى تەرمێک، کاتێک دەچنە سەرى دڵنیادەبنەوە کە تەرمى جوانڕۆیە".

 

تەرمى جوانڕۆ بەرەبەیانى سێشەممە دواى شەوێک لە دیارنەمانى بەدەستبەستراویی لە نزیک گوندی (پەلکەڕەش) کە دەکەوێتە نێوان کەسنەزان و دێگەڵە دۆزرایەوە.

 

برازایەکى جوانڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە پەخشى ڕاستەوخۆى "ناس کورد"دا باسى لەوەکرد، شەوى دووشەممە تەلەفۆنێک بۆ جوانڕۆ کراوە و چووەتە دەرەوە، ئیتر مۆبایلەکەى داخراوە و نەگەڕاوەتەوە، هاوڕێکانى ئاسایش و پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە تا تەرمەکەى دۆزراوەتەوە.

وتیشى تەرمى جوانڕۆ ئاسەوارى ئەو پەتەى لەسەر بووە کە پێی خنکێنراوە، هەروەها دوو خاڵى رەش لەسەر سەر و ملى هەبووە کە ڕەنگە ئاسەوارى خنکاندنەکەى بێت.

 

کەسێکى ترى نزیکى جوانڕۆ وتى، "تەرمەکە واى لێهاتبوو کە نەتوانین بیناسینەوە، بە جل و بەرگ و تاتۆکەی باڵیدا ناسیمانەوە".

 

وتیشى، "ئەو ڕووداوە بەسەر دوو بازگەدا تێپەڕى بوو، لەودیو دوا بازگەى دێگەڵەوە تەرمەکەى فڕێدرابوو، دەوترێت لەپشتى بازگەکانەوە براوەتە ئەو شوێنە".

 

لە شوێنى دۆزینەوەى تەرمەکەى جوانرۆ، پۆلیس مۆبایلەکەى جوانڕۆى بە شکاوى دۆزیوەتەوە لەگەڵ پەت و ئەو حەبلەى پێی خنکێنراوە و لێکۆڵینەوە لەسەریان دەکات.

 

گۆرانى ئینزیبات پەرلەمانتار و هاوڕێى نزیکى جوانڕۆى باڵەبان بە "ناس کورد"ى وتى "جوانڕؤى باڵەبان نە بازرگان و نە سیاسى بووە تا بە هۆکارى سیاسى بکوژرێت".

 

وتیشى، "ماوەیەکە من بەهۆى کارى پەرلەمانى کەمێک لێوەى دوورم، بەڵام لەڕێى هاوڕێ نزیکەکانیەوە سۆراغیم کردووە هەمویان جەخت لەوە دەکەنەوە هیچ کێشەیەکى کۆمەڵایەتیشى لەگەڵ کەس نەبووە".

 

هونەرمەند جوانڕۆی باڵەبان ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان و کۆمەڵەی ھونەری میللی کوردستان و تیپی جوقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بوو.

me_ga.php?id=4123

وەزارەتى پێشمەرگە دوێنێ سێشەممە لەراگەیەنراوێکدا لەبارەى رووداوەکەوە رایگەیاند، بەدواداچوون و رێوشوێنی پێویستی لەسەر ئەو تاوانە گرتووەتەبەر و لەئێستادا لەلایەن پۆلیسەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوەو چاوەڕێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن.

 

کەسوکارى جوانڕۆ بەنیازن دواى تەواوبوونى پرسە لە بنکەى پۆلیسى دێگەڵە سکاڵا تۆماربکەن و پۆلیس پێی وتوون کە هەوڵدەدەن لەڕێگەى کامێراى چاودێریی شوێنەکەوە بگەن بەسەرەداوى رووداوەکە بەمەبەستى ئاشکراکردنى بکوژانى.

 

هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر بە "ناس کورد" ى راگەیاند، کاتژمێر پێنجى بەرەبەیانى سێشەممە تەرمى ئەو هونەرمەندە لەگوندى پەلکەڕەش سەر بە ناحیەى دێگەڵە دۆزراوەتەوە کە خنکێنرابوو.

 

وتیشى، "لەئێستادا پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە بۆ گەیشتن بە هۆکاری ڕاستی و ڕوونی ڕووداوەکە، لە ئایندەیەکی نزیکدا زانیاری زیاتر دەخەینە ڕوو".