گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی باس لە ’’نزیکبوونەوەی شەڕ’’ دەکات

2021.06.22 - 17:58
App store icon Play store icon Play store icon
سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی باس لە ’’نزیکبوونەوەی شەڕ’’ دەکات

 ناس کورد-

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەنگە پارتی ببێتە بەشێک لەشەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، بەڵام تائێستا یەکێتی نەبووەتە بەشێک لەو شەڕە و ناشبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی (سێشەممە 22ی حوزەیرانی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "گەورەترین گرفتی هەرێم نەبوونی تێڕوانینێکی یەکگرتووە سەبارەت بەشەڕی پەکەکە، بەتێڕوانینی یەکێتی، ئەم شەڕە، شەڕی ئێمە نیە لەهەرێم، ئێمە نەپشتگیری تورکیا و نە پشتگیری پەکەکە دەکەین، دژایەتی هیچ لایەکیشیان ناکەین، دەمانەوێت ئەم شەڕە لێمانەوە دووربێت، نامانەوێت تێوەی بگلێین."

 

هاوکات سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی شەڕەکە بۆ ناوچە سنورییەکانی پشدەر و ئەو سنورانەی کە حیزبەکەی تێیدا باڵادەستە، ئەسەسەرد دەڵێت، "ئەوکات بڕیاردەدەین، بەڵام ئەوەندەی پێمان بکرێت، هەوڵ دەدەین ناوچەکانمان دوور بێت لەو شەڕە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " ستراتیژیەتی تورکیا لەشەڕی ئەمجارەی پەکەکەدا ڕوون نیە، گەر بەو جۆرە لەمەسەلەکە بڕوانین، تورکیا دەیەوێت گورز لەپەکەکە بوەشێنێت، تورکیا یەکەمجاری نیە گورز دەوەشێنێت و نەیتوانیوە پەکەکە لەناوبەرێت، ئەم شەڕە درێژەپێدانی شەڕەکانی پێشووە، تورکیا هەوڵ دەدات تەنگ بەپەکەکە هەڵچنێت."

 

ئەسەسەرد پێیوایە، تورکیا گەر هێز تا سنوری هەولێر بهێنێت، مەسەلەکە زۆر ئاڵۆز دەبێت و باسی لەوەکردووە، "تورکەکان دەزانن بەهاتنیان بەرەو هەولێر، ڕەنگە هەموو پلانەکانیان لێ تێکبچێت، پێموانیە تورکیا بێت بۆ هەولێر و هەوڵ دەدەن لەدەرەوەی پایتەختی هەرێم شەڕی خۆیان بکەن، ستراتیژیەتی شەڕەکە دیارنیە، گەر مەبەستەکە بۆ لەناوبردنی پەکەکە بێت، پەکەکە دەمێنێتەوە و ڕەنگە ڕێوشوێنی تازە بەکار بهێنێت."

 

جەختیشی کردووەتەوە، "هاتن بۆ هەولێر سودی بۆ تورک نیە، چونکە پەکەکە لە هەولێر نییە، هاتنیان بۆ هەولێر واتایەکی قوڵتری هەیە، ئەمە بەهیچ شێوەیەک نە لەناوچەکە و نە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەبوڵ ناکرێت، ڕایەکی بەهێز دژی تورکیا دروست دەکات."

 

هاوکات لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پۆستی سەرۆک کۆمار، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە، حیزبەکەی هەوڵی بەدەست هێنانەوەی ئەو پۆستە دەدات، بەتایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆک پەرلەمان بۆ سونە و سەرۆک وەزیران بۆ شیعە لەعێراق دا بووەتە عورف، دەستکاریکردنی ئەم سێ کوچکە بۆ عێراق باش نیە.