گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاسایشی سلێمانی: ھێزێکی چەکدار بە شێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکارهێنرا

2021.06.22 - 16:26
App store icon Play store icon Play store icon
ئاسایشی سلێمانی: ھێزێکی چەکدار بە شێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکارهێنرا

ناس کورد-

ئاسایشی سلێمانی لەبارەى ڕووداوەکەى شەوی ڕابردووی سەرچنار ڕایگەیاند، شۆفێرێک پابەندنابێت بە ڕێکار و ڕێنماییە ياساييەكان و پاش گرفت دروستکردن، ھێزێکی چەکدار بە شێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی کە لەئەرکدا بوون و بەتەقەکردن رووبەڕووی ھێزەھاوبەشەکە بوونەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی 21ی حوزەیرانی 2021، "ھێزەکانمان بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزەئەمنییەکان لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە ئەرکێکی ڕەسمیدا بوون بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارەکەمان لەسەر شەقامی جەواھیری لەگەڕەکی سەرچنار."

 

دەشڵێت، "شۆفێرێک پابەند نابێت بە ڕێکار و ڕێنماییە ياساييەكان و پاش گرفت دروستکردن، ھێزێکی چەکدار بەشێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەرئەو ھێزە ئەمنییەی کە لەئەرکدا بوون و بەتەقەکردن رووبەڕووی ھێزەھاوبەشەکە بوونەوەو سەرئەنجام شەش کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و كارمەندێکی هێزەكانى فرياكەوتنى بەڕێوەبەرایەتی پۆليسى سلێمانی برينداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکران بەمەبەستی چارەسەر."


دەشڵێت، "ئێمە لە کاتێکدا ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە نەخوازراوە دەخوازین، ڕێوشوێنە یاسییەکان بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە جێدەھێڵین و ھەموولایەک دڵنیادەکەینەوە ھەرگیز دەستبەرداری ئەرکی نیشتمانی خۆمان نابین لە پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان و ئارامی شار و لەو پێناوەشدا ئامادەی ھەموو قوربانییەکین".

 

ئەو شۆفێرەی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بۆ کردووە کچی شێخ جەعفەر مستەفایە کە ناوبراو جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزی ئاڵتونییە کە سەر بە یەکێتییە.

 

شێخ جەعفەر مستەفاش ڕایگەیاند، لەرووداوى تەقەکردنەکەى شەوى رابردوودا کچەکەى هیچ پاسەوانێکى لەگەڵدا نەبووە.

 

شێخ جەعفەر مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم لەلێدوانێکدا بۆ میدیاى سەرۆکى حکومەت وتى، "کچەکەم منداڵێکى هەیە تەمەنى پێنج بۆ شەش مانگە، هیچ پاسەوانێکى لەگەڵدا نەبووە، خۆى ئۆتۆمبێلەکەى لێخوڕیوە".

 

وتیشى، "دوو سێ پێشمەرگە چوون و کێشەکەیان چارەسەر کردووە، بەڵام لە هەڵە تێگەیشتنەوە شتەکە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆى تەقەکردن و برینداربوونى ژمارەیەک پێشمەرگە و ئاسایش".

 

درەنگانى شەوى رابردوو لەگەڕەکى سەرچنارى سلێمانى دەنگى تەقەیەکى زۆر بیسترا و بەهۆیەوە 10 کەس برینداربوون. لیژنەی ئەمنی سلێمانی ئەمرۆ لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هەركەسێك لە پشت تەقەكردنەكەوە بێت لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا دەكرێت.

 

مستەفا چاوڕەش فەرماندەى هێزەکانى 70 ى یەکێتى ئەمڕۆ سێشەممە چارەسەرکردنى کێشەى شەڕە تەقەکە" ى شەوى رابردووى راگەیاند کە لەنێوان ئاسایش و هێزێکى پێشمەرگە روویدا.

 

مستەفا چاوڕەش بە "ناس کورد" ى وت، ئەمڕۆ بەبەشدارى سەرجەم لایەنەکانى ئەو رووداوە، کێشەى شەڕە تەقەکەى شەوى رابردوو چارەسەر کراوە.

 

وتیشى "سەرجەم لایەنەکان بەچارەسەرەکە رازى بوون و کێشەکە رەوانەى دادگا و یاسا دەکرێت"، بەبێ ئەوەى رونکردەوەى زیاتر بدات.

 

تا ئێستا هێزە ئەمنیەکان بەتەواوى وردەکاریی کێشەکەیان ئاشکرانەکردووە، کە دەوترێت لەنێوان هێزێکى ئاسایش و هێزى ئاڵتونى سەر بە جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم روویداوە.

 

جەعفەر شێخ مستەفا (22ى حوزەیرانى 2021) لە لێدوانێکى تایبەت بە "ناس کورد"ى راگەیاند "من لە هەولێر بووم و ئێستا گەیشتمەوە سلێمانى و نازانم وردەکاریى رووداوەکە چۆن بووە".

 

وتیشى "هەموو روداوێک لە ئەنجامى لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت و ئەوەش دەریدەخات کێ تاوانبارى رووداوەکەیە".

 

رونیشیکردەوە لەسەر روداوەکە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و ئاسایش و پۆلیس لەسەر هێڵە. ئەنجامى کۆتایى لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت کێ تاوانبارە و کێ بێتاوان.