گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

شێخ جەعفەر قسەى نوێ لەسەر شەڕە تەقەکە دەکات: کچەکەم هیچ پاسەوانێکى لەگەڵدا نەبووە

2021.06.22 - 14:47
App store icon Play store icon Play store icon
شێخ جەعفەر قسەى نوێ لەسەر شەڕە تەقەکە دەکات: کچەکەم هیچ پاسەوانێکى لەگەڵدا نەبووە

ناس کورد-

شێخ جەعفەر مستەفا رایگەیاند، لەرووداوى تەقەکردنەکەى شەوى رابردوودا کچەکەى هیچ پاسەوانێکى لەگەڵدا نەبووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شێخ جەعفەر مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم لەلێدوانێکدا بۆ میدیاى سەرۆکى حکومەت وتى "کچەکەم منداڵێکى هەیە تەمەنى پێنج بۆ شەش مانگە، هیچ پاسەوانێکى لەگەڵدا نەبووە، خۆى ئۆتۆمبێلەکەى لێخوڕیوە".

 

وتیشى "دوو سێ پێشمەرگە چوون و کێشەکەیان چارەسەر کردووە، بەڵام لە هەڵە تێگەیشتنەوە شتەکە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆى تەقەکردن و برینداربوونى ژمارەیەک پێشمەرگە و ئاسایش".

 

درەنگانى شەوى رابردوو لەگەڕەکى سەرچنارى سلێمانى دەنگى تەقەیەکى زۆر بیسترا و بەهۆیەوە 10 کەس برینداربوون.  لیژنەی ئەمنی سلێمانی ئەمرۆ لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هەركەسێك لە پشت تەقەكردنەكەوە بێت لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا دەكرێت.    

  

مستەفا چاوڕەش فەرماندەى هێزەکانى 70 ى یەکێتى ئەمڕۆ سێشەممە چارەسەرکردنى کێشەى شەڕە تەقەکە" ى شەوى رابردووى راگەیاند کە لەنێوان ئاسایش و هێزێکى پێشمەرگە روویدا.      

  

مستەفا چاوڕەش بە "ناس کورد" ى وت، ئەمڕۆ بەبەشدارى سەرجەم لایەنەکانى ئەو رووداوە، کێشەى شەڕە تەقەکەى شەوى رابردوو چارەسەر کراوە.      

  

وتیشى "سەرجەم لایەنەکان بەچارەسەرەکە رازى بوون و کێشەکە رەوانەى دادگا و یاسا دەکرێت"، بەبێ ئەوەى رونکردەوەى زیاتر بدات.      

  

تا ئێستا هێزە ئەمنیەکان بەتەواوى وردەکاریی کێشەکەیان ئاشکرانەکردووە، کە دەوترێت لەنێوان هێزێکى ئاسایش و هێزى ئاڵتونى سەر بە جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم روویداوە.    

  

جەعفەر شێخ مستەفا  (22ى حوزەیرانى 2021) لە لێدوانێکى تایبەت بە "ناس کورد"ى راگەیاند "من لە هەولێر بووم و ئێستا گەیشتمەوە سلێمانى و نازانم وردەکاریى رووداوەکە چۆن بووە".      

  

وتیشى "هەموو روداوێک لە ئەنجامى لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت و ئەوەش دەریدەخات کێ تاوانبارى رووداوەکەیە".      

  

رونیشیکردەوە لەسەر روداوەکە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و ئاسایش و پۆلیس لەسەر هێڵە. ئەنجامى کۆتایى لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت کێ تاوانبارە و کێ بێتاوان.