ناس کورد-
جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە هەولێر بووە و تازە گەیشتوونەتە شارى سلێمانى و ئاگاداریى وردەکاریى گرژییەکانى شەوى رابردووى سەرچنار نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەعفەر شێخ مستەفا (22ى حوزەیرانى 2021) لە لێدوانێکى تایبەت بە "ناس کورد"ى راگەیاند "من لە هەولێر بووم و ئێستا گەیشتمەوە سلێمانى و نازانم وردەکاریى رووداوەکە چۆن بووە".
وتیشى "هەموو روداوێک لە ئەنجامى لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت و ئەوەش دەرى دەخات کێ تاوانبارى رووداوەکەیە".
جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان رونیکردەوە لەسەر روداوەکە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و ئاسایش و پۆلیس لەسەر هێڵە.
جەختیشى کردەوە "ئەنجامى کۆتایى لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت کێ تاوانبارە و کێ بێتاوان".
درەنگانى شەوى رابردوو لەگەڕەکى سەرچنارى سلێمانى دەنگى تەقەیەکى زۆر بیسترا و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون.
دكتۆر ئومێد عەلی بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شارى سلێمانى ئەمڕۆ سێشەممە بە پێگەى فەرمى یەکێتى راگەیاند، سەرجەم بریندارەكانی رووداوەكەی شەوی رابردووی گەڕەكی سەرچنار تەندروستیان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
وتیشی "لە رووداوەكەدا 10 كەس لە هەردوو هێزی ئاسایش و هێزی ئاڵتونی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون و چارەسەریان بۆ كراوە".
پێشتر سەرچاوەیەکى تەندروستى بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، حەوت لە بریندارەکان رەوانەى نەخۆشخانەى شار کراون و چارەسەرى سەرەتاییان بۆ کراوە، بەشێکیان دواى وەرگرتنى چارەسەر رەوانەى ماڵەوە کراونەتەوە.
وتیشى دوو بریندارى تر دیکە پێشمەرگەن و رەوانەى نەخۆشخانەى شۆڕش کراون.
ناس کورد پەیوەندى بەبەرپرسانى هەردوو نەخۆشخانەکەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.
درەنگانى شەوى رابردوو لەگەڕەکى سەرچنارى سلێمانى دەنگى تەقەیەکى زۆر بیسترا و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون.
چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لەرووداوەکە بۆ "ناس کورد" باسیان لەوەکرد، رووداوەکە لەنێوان دوو هێزى ئەمنى و پێشمەرگە روویداوە.
تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى هیچ رونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
ناس کورد پەیوەندى بەبەرپرسانى پۆلیس و ئاسایشى سلێمانى یەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.