ناس کورد-
ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 10 رۆژە چارەنوسی بەرپرسێکى ئیدارەکە و دوو ئەندامى پەیەدە لەهەولێر نادیارە، دواى ئەوەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێندراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیدارەکە ئەمڕۆ سێشەممە لەبەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لە 10 ى حوزەیرانەوە چارەنوسى جیهاد حەسەن نوێنەرى ئیدارەکە لە هەولێر، مستەفا حەسەن و مستەفا خەلیل ئەندامانى پەیەدە نادیارە.
دەشڵێت، ئەو سێ کەسە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە "رفێندراون" بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەخت، ئەوەش ناگونجێت لەگەڵ بەها و عورفە دیبلۆماسییەکان.
ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان بەرپرسیارێتى چارەنوسى ئەو کەسانەى خستووەتە سەر حکومەتى هەرێم و داوایان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە فشار لەسەر پارتى و حکومەت دروستبکەن بۆ زانینى چارەنووسیان.
پێشتر نورى ئەسعەد، نوێنەرى پارتى یەکێتى دیموکرات (پەیەدە) لە هەرێمى کوردستان (10ى حوزەیرانى 2021) لە لێدوانێکى بە "ناس کورد"ى راگەیاند "سێ بەرپرسى پارتەکەمان لەناو فڕۆکەخانەى هەولێر لەلایەن هێزێکى نەناسراوەوە دەستگیر کراوون".
وتیشى "زانیاریمان نیە کەلەلایەن ئاسایشەوە یان پۆلیسەوە دەستگیرکراوون و نازانین بۆ کوێ براون".
بەرپرسەکەى پەیەدە لەبارەى ناسنامەى ئەندامە دەستگیرکراوەکانیانەوە وتى" ئەو سێ بەرپرسەى کە دەستگیرکراوون بریتین لە:جیهاد حەسەن، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەهەرێم، مستەفا عوسمان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، مستەفا عەزیز، ئەندامی نوێنەرایەتی پەیەدە".