گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

كەس خۆی ناكات بەخاوەنی شەڕە تەقەكەی سلێمانی

2021.06.22 - 11:15
App store icon Play store icon Play store icon
كەس خۆی ناكات بەخاوەنی شەڕە تەقەكەی سلێمانی

ناس کورد-

دەوروبەری 12 كاتژمێر بەسەر تەقەكانی شەوی ڕابردووی گەڕەكی سەرچناردا لە سلێمانی تێپەڕبووە بەڵام تائێستا هیچ لایەنێكی فەرمی لە هێزە ئەمنییەكان و پارێزگاری سلێمانی و حكومەتی هەرێم لێدوان و ڕوونكردنەوەیان لەبارەی هۆكارەكەی و رێوشوێنەكانی پاش ڕووداوەكە نەداوە و تا ئێستا ئەوەی بەردەستە یان زانیاری دزەپێكراو یان لێدوانی كەسایەتییە زانكۆیی و سیاسی و میدیاییەكانە لەبارەی ڕووداوەكە. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەڕە تەقەی شەوی پێش تاقیكردنەوەكان

 

نیوەشەوی ڕابردوو، چەند كاتژمێرێك بەر لە دەستپێكردنی تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی خوێندكارانی پۆلە ناكۆتاییەكان و پۆلی 9 بنەڕەتی، خەڵكی نیشتەجێی بەری سەرچنار و دەوروبەری تەلاری هونەر لە سلێمانی، بەسەر شەڕە تەقەیەكی زۆری هێزە ئەمنییەكاندا ڕاچڵەكین كە دەوترێت لەنێوان كۆمەڵێك لە پێشمەرگەكانی هێزەكانی حەفتای یەكێتی "هێزی ئاڵتوونی" و مەفرەزەیەكی ئەمنیدا بووە كە ناوبەناو لەسەر رێگا گشتییەكان لێپپرسینەوە لە ئۆتومبیل و ڕێبواران دەكەن. لە كامێری "ناس كورد" دا كە بەشی زۆری تەقەكانی تۆماركردەووە، دەنگی جۆرەها چەك دەبیسرێت لە كڵاشینكۆف و بیكەیسی بەشێوەی چڕ و ناوبەناو كە ئاماژەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری. 

 

بەگوێرەی زانیارییەكانی "ناس كورد" لەو شەڕە تەقەیەدا نۆ كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربوون، هەندێكیش لەوانە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام هێشتا میدیاكان بەشێوەی فەرمی ڕێگرییان لێدەكرێت لە نەخۆشخانەكان سۆراغی بریندارەكان بكەن یان وێنەیان بگوازنەوە.

 

"كچی بەرپرسی لە پشت بووە و تەحەدای هاوسەرۆكە" 

 

حاكم شێخ لەتیف كە چالاكی سیاسی و دادوەری خانەنشینە، لە ڕوونكردنەوەیەكدا لەمبارەیەوە كە "ناس كورد" بینیویەتی (22 حوزەیرانی 2021) پەیامێكی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كردووە و دەڵێت "ئەوە تاقیان کردیتەوە وزۆر بەخەستیش، فەرموو ئەگەر خاوەنی قسەی خۆتی، پێشتر وتبوت ھەرکەسێک شتی وابکات لێی قبوڵ ناکەین و با تاقیمان نەکەنەوە زەرەر دەکەن، فەرموو ئەوە عەرزو ئەوە گەز". هەروەها دەڵێت "جاری پێشوو کوری مەکتەب سیاسی حیمایەی باوکی بردبووە سەرخەڵک ، دەڵێن ئەمجارە کچی مەکتەب سیاسی ھێزی باوکی بانگ کردوە بۆ پۆلیس، ئەشڵێن عەرزی عەزەڵاتی نێوان فەرماندەی میلیشیکانە لە نێوان خۆیاندا، بەس بەداخەوە ھەر کوڕی فەقیری تیدا دەروات" لە كۆتاییشدا دەڵێت  "کوردو حوکمڕانی و حوشتر و قاپقاپ".

 

پەیام بۆ هاوسەرۆكان و پارێزگاری سلێمانی

 

هەر لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس محەمەد نوری لە پەیامێكدا بەناوی "سلێمانی داوای وەڵامی لە هاوسەرۆكانی یەكێتی دەوێت" باس لەوە دەكات  پێویستە هاوسەرۆكانی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی بێنە سەرخەت و دەڵێت "ئەوەی ڕوویدا بەرلەوەی ڕووداوێك بێت، پرسیاریشە لە پێگەی سیاسیی هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی، كەناكرێت ئاسایی بەسەریاندا تێپەڕبكات". بەڵام د. محەمەد عەلی كە مامۆستای زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی سلێمانی، ڕووی ڕەخنەی لە پارێزگاری سلێمانییە بەوپێیەی سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە و باس لەوە دەكات لەبری لێكۆڵینەوە یان دەستلەكاركێشانەوە ئەم هەفتەیە پرۆژەی ساڵۆنێك یان نووسینگەیەكی خانووبەرە دەكاتەوە.

 

ناسنامەی هێزە هێرشبەرەكە

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەشی میدیای نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بڵاویان كردووەتەوە، ئەو لیوایەی وەها بڵاوە كە هێرشیان كردووەتە سەر هێزە ئەمنییەكەی حكومەت،  سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی حەفتاى یەکێتى نیشتمانى کوردستانە و لیواکە لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆى جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە. فەرماندەى لیواى هێزەکانى کۆماندۆ، ئەفسەرێکى گەنجە بە ناوى ئاکام عومەر، لەم لیوایەشدا  فەوجى ئاڵتونی هەیە كە یەکێکە لە فەوجەکانى لیواى کۆماندۆ، ئەم فەوجەش لە  10ى شوباتى 2021 لە بازگەى تاسڵوجە کارمەندێکى ئاسایشیان بە ناوى شاخەوان ئەحمەد كوشت لە ڕووداوێكدا كە هێشتا لە لێكۆڵینەوەدایە.

 

هۆشداری لە پێكدادانی زیاتر

 

تا ئێستا نە هێزەكانی حەفتا و نە لیوای كۆماندۆ و نە فەوجی ئاڵتوونی بەهەمانشێوەی هێزە ئەمنییەكان هیچیان لەسەر ڕووداوەكە ڕانەگەیاندووە، بەڵام د. ئیسماعیل نامیق كە مامۆستای یاسایە دەڵێت "ھێزەکانی یەکێتی و پارتی و حەشدی شەعبی بەمانای وشە میلشیان، میلشیاش تەنھا ئینتیمای بۆ کەس ھەیە، نەک نیشتمان و دامەزراوە" د. ئیسماعیل لە بڵاوكراوەیەكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (22 حوزەیرانی 2021) ئەوەشی وتووە "ئەبێت تەوەقوعی لەوە زیاتریش بکەین لەسلێمانی و ھەولێر و بەغداد رووبدات".