گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

هۆکاری کێشانەوەى پاتریۆت لە عێراق؛ موشەکێکى سێ ملیۆن دۆلارى بۆ فڕۆکەیەکى 200 دۆلارى

2021.06.21 - 22:56
App store icon Play store icon Play store icon
هۆکاری کێشانەوەى پاتریۆت لە عێراق؛ موشەکێکى سێ ملیۆن دۆلارى بۆ فڕۆکەیەکى 200 دۆلارى

ناس کورد-
زیاتر لە سیناریۆیەک دەخرێتەڕوو بۆ هۆکارى ئامادەکاریی واشنتن بۆ کێشانەوەى سیستەمى بەرگریی موشەکى "پاتریۆت" لە عێراق و وڵاتانى دیکە، لەناویاندا تێچووى زۆر و ڕێککەوتنى نوێ لەگەڵ تاران، لەکاتێکدا هێرشەکان دژى هێزەکانى ئەمریکا لە خۆرئاواى ئەنبار بەردەوامن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى "المدي"ى عێراقى، سەرچاوەیەکى ئەمنى لە ئەنبار ڕایگەیاندووە، سیستمى پاتریۆت لە بنکەى عەین ئەسەد سەرکەوتوو نەبووە لە بەرپەرچدانەوەى هێرشى میلیشیاکان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئایارى ڕابردوودا فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان لەسەر بنکەى عەین ئەسەد کەوتەخوارەوە و حکومەت وتى کە زیانى نەبووە، بەڵام بەوتەى سەرچاوەیەکى ئەمنى فڕۆکەکە زیانى بە سیستمى پاتریۆت گەیاندووە.


سەرچاوەکە پێیوایە هۆکارى مادى "زیان و قازانج" لەپشت بڕیارەکەى واشنتنەوەیە بۆ کێشانەوەى پاتریۆت، بەو پێیەى تێچووى هەر موشەکێک سێ ملیۆن دۆلارە لەکاتێکدا تێچووى هەر فڕۆکەیەکى بۆمبڕێژکراوى بێفڕۆکەوان ناگاتە 200 دۆلار.

 

سیستمى پاتریۆت پشت بە ئاڕاستەکردنى دەبەستێت لە ڕادارەوە بۆ تێکشکانى موشەک و فڕۆکەى هێرشبەر و خێراییەکەى دەگاتە پێنج ئەوەندەى خێرایی دەنگ.

 

باس و خواسى کێشانەوەى پاتریۆت هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەى ژمارەى هێرشە موشەکییەکان لەلایەن گروپەکانى "کاتیۆشاوە" بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، هەفتەى ڕابردوو دوو فڕۆکەى لەو شێوەیە لە بەغدا تێکشکێنران.

 

تائێستا دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق بوونى سیستمى پاتریۆت لە عێراق پشتڕاست ناکەنەوە.

 

عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیرانى پێشوو لە کۆتایی 2020دا ڕایگەیاند، داواى ئەمریکاى بۆ دانانى ئەو سیستمە ڕەتکردووەتەوە، بەڵام لەکۆتایی وادەى دەسەڵاتەکەیدا بەرپرسێکى ئەمریکى جێگیرکردنى سیستمەکەى لەعەین ئەسەدى ئەنبار و هەریرى هەولێر ئاشکراکرد.