گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڵگە و وردەکاریی

حەوت مانگە سێ وەزارەتی حکومەتی هەرێم ناتوانن کۆمپانیایەک دابخەن

2021.06.21 - 21:50
App store icon Play store icon Play store icon
حەوت مانگە سێ وەزارەتی حکومەتی هەرێم ناتوانن کۆمپانیایەک دابخەن

ناس کورد- شەهرام عەزیز
لە چاو تروکانێکدا و بەبێ هیچ بڕیارێکی حکومەت و بێ هیچ ڕێککەوتنێک پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان کرا بە پارە و هەندێکیان لەلایەن بەرپرسانی حزبییەوە قۆرخ کران، داهاتی هەندێک لەو کۆمپانیایانە مانگانە دەگاتە ملیۆنێک دۆلار، هەربۆیە لەئێستادا چەندین کۆمپانیا دروست بوون، لە ساڵی ڕابردووشدا کۆمپانیایەک بە نایاسایی دەستی بە کارکردن کردووە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوادەکەن دابخرێت، بەڵام ماوەی حەوت مانگە سەرەرای چەند بریارێکی ھەردوو وەزارەت بۆ داخستن، بەلام نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەئێستادا کۆمپانیایەک بەناوی "فامیلی بۆکس" لە بازاڕەکاندا ئامێری پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان دەفرۆشێت بەرامبەر 45 هەزار دینار و کارتی ساڵانەکەشی نزیکەی 35 هەزار دینارە، لەکاتێکدا مۆڵەتی کارکردنی نییە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی گواستنەوە دەڵێن، ئەو سیستمی پەخشە زیانی تەندروستی و ژینگەیی هەیە و لە ھیچ ولاتێک کار بەو سستەمە ناکرێت و لە ڕێنمایی ھەردوو وەزارەتدا نییە.

 

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەن ڕێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کۆمپانیایە بگرنەبەر، چونکە بەبێ مۆڵەت کار دەکەن و پەخشەکەشیان زیانی تەندروستی هەیە.

me_ga.php?id=4105

لە نوسراوێکی محەمەد سەعید عەلی، وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوانی هەرێمی کوردستاندا کە لە بەرواری (1ی کانوونی یەکەمی 2020) دەرچووە و ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە، داوای کردووە، پەخشی کۆمپانیای (For Family Box) ڕابگرن، بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی کارکردنی نییە.

me_ga.php?id=4104

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ هیچ ڕێکارێکی لەوبارەیەوە نەگرتووەتەبەر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری دوای سێ مانگ و لە بەرواری (3ی شوباتی 2021) نوسراوێکی تری ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەولێر کردووە.

 

 لە نوسراوەکەدا هاتووە، "کۆمپانیای (For Family Box) بۆ پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان لەسەر سیستمی (Q band) بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت دەستی بە پەخش کردووە، لەکاتێکدا مۆڵەتی کارکردنی نییە و ئەو سیستمە ڕێگەپێدراو نییە، بۆیە داوادەکەین لای خۆتان پەخشی کۆمپانیاکە ڕابگرن."

 

لەوبارەیەوە شیروان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و گواستنەوە بە "ناس کورد"ی وت، "ئەو کۆمپانیایە جگە لەوەی مۆڵەتی نییە، ئەو سیستمەشی کە پەخشی لەسەردەکات ڕێپێدراو نییە و تائێستا و دوای زیاتر لە حەوت مانگ لەو نوسراوە ئەو کۆمپانیایە لە کارەکانی بەردەوامە."

 

خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت، لەئێستادا کارەکانی مۆڵەتەکەیان لە وەزارەتی ناوخۆیە و نزیکە لە تەواو بوون، دەشڵێت، سیگناڵی زۆرینەی کۆمپانیاکان زیانی تەندروستیی هەیە نەک تەنها ئەوان.

 

نەبەز زاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی و خاوەنی کۆمپانیای فامیلی بۆکس بۆ "ناس کورد" وتی، "دەرکردنی مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆری پێدەچێت و ڕەزامەندی چەندین شوێن دەوێت لە گرنگترینیان ئاژانسی پاراستن و وەزارەتی ناوخۆ و دواتر شوێنەکاند دیکەیە، ئێمەش بەشێکی زۆری کارەکانی مۆڵەتەکەمان تەواو کردووە و لەئێستادا لای وەزیری ناوخۆیە و بەمنزیکانە تەواو دەبێت."

 

وتیشی، "لەبارەی زیانەکانیشەوە، سەرجەم سیگناڵەکانی هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایل و ئەو فریکوێنسیانەی ئەو کەناڵانەیان لەسەر دەگوازرێتەوە و فریکوێنسی کەناڵە ئاسمانییەکانیش زیانی تەندروستییان هەیە، بەڵام نازانم بۆ تەنها ئەمەی ئێمە دیارە و دەیانەوێت ڕێگریمان لێبکەن.

 

پەخشی ئەم کەناڵانە لەسەر هاووڵاتیان بۆچی کران بە پارە؟

لە ساڵانی ڕابردوودا، کەناڵە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان تەنها پێویستی بە بەستنی "ئەنتێنێک" بوو لە سەربانی ماڵەکەت، بەڵام لە دەوروبەری ساڵی 2015 لە پڕ ئامێرێک پەیدا بوو کە پێی دەوترێت "ئامێری کەناڵە ناوخۆییەکان" و پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکانی دەکرد و پێویستی بە پڕکردنەوەی باڵانس هەیە.

 

ئەمە چۆن ڕوویدا؟

شیروان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاپ و گواستنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم بە "ناس کورد"ی وت، "لە هەرێمی کوردستان 39 فریکوێنسی بۆ پەخشکردنی ئەو کەناڵانە هەیە و لە ڕابردوودا دەتوانرا لەسەر هەر فریکوێنسییەک یەک کەناڵ پەخش بکات."

 

بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە سەردەمی پێش بەرپرسیارێتی ئەواندا، واتە لە کابینەی پێشووی حکومەت، پێشنیازی ئەوە دەکرت کە سیستمێک دروست دەکرێت و لە ڕێگەیەوە کەناڵەکان پەخش دەکەنەوە بە بێ پارەو بە فری، بەڵام دواتر پەخش دەکەن بە پارەو هاوڵاتی دەتوانێت لەڕێگەی کڕینی ئامێرێک و پڕکردنەوەی باڵانسی ساڵانە کەناڵە ناوخۆییەکان ببینێت.

 

هەر ئەوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە بەو پێشنیازە ڕازی دەبێت و لەوێوە بە بڕیارێکی فەرمی پارەکردنی پەخشی تەلەفزیۆنی دەستپێ دەکات.

 

شیروان عەبدوڵا دەڵێت، "تەنها مۆڵەتی کارکردن دراوە بەو کۆمپانیایانە و هیچ ڕێککەوتنێک نەبووە لەنێوان کۆمپانیا و وەزارەتەکەدا سەبارەت بە چۆنی کارکردنیان و نرخ و کواڵێتیان، بۆیە کارەکە کەموکوڕی زۆری تێدایە."

 

"لە هەموو وڵاتێکدا پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان لای حکومەت خۆیەتی، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕیگری لە کارە نایاساییەکانیش بکات و هەر کەناڵێک مۆڵەتی نەبوو خۆی پەخشی ڕابگرێت و کارەکان ڕێکبخات، بەڵام ئەوەی کراوە و لێرە بەمشێوەیەی لێکراوە لە نەشارەزایی و بێ پلانیدا بووە."، شیروان عەبدوڵا وای وت.

 

ئێستا چەند کۆمپانیا هەن و هی کێن و داهاتی مانگانەیان چەندە؟

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ناس کورد لەئێستادا شەش کۆمپانیای پەخش لە هەرێمی کوردستان ھەن کە ئەمانەن، "میکس میدیا، ئای ستار، ئێچ دی بۆکس، وەن بۆکس، فاملی بۆکس، پێشمەرگە"، تەنیا سێ دانە مۆڵەتیان ھەیە و سێ دانەکەى تر بێ مۆڵەتن و نایاسایین.

 

ناس کورد زانیویەتی، زۆرینەی ئەو کۆمپانیایانە لەلایەن بەرپرسانی حزبییەوە خاوەندارێتی دەکرێن و کارەکە بووەتە کێبڕکێ، جگە لەوەی تەنها کۆمپانیاکانی ئای ستارو و میکس میدیا و ئیچ دی بۆکس مۆڵەتییان هەیە.

 

بریکارێکی فرۆشتنی ئامێر و باڵانسی ئەو کۆمپانیایانە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، داهاتی هەندێک لەو کۆمپانیایانە مانگانە دەگاتە نزیکەی ملیۆنێک دۆلار.

 

نزمیی کوالێتی پەخش و ئامێرەکان

بەشێک لە هاووڵاتیان ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە کواڵێتی پەخشی ئامێرەکان نزمە و زۆرجار پەخشەکان نامێنێت.

 

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و گواستنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی نزمی کواڵێتی، پەخشکردنی ژمارەیەک کەناڵی زۆرە لەسەر یەک فریکوێنسی، تا 10 کەناڵ لەسەر فریکوێنسییەک ئاساییە، بەڵام فریکوینسی هەیە 15 کەناڵی لەسەرە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەوشێوەیە تێچووی کەمترە.

 

دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەوان و کۆمپانیاکاندا نییە بۆیە ناتوانن لیپرسینەوە لەوبارەیەوە بکەن، بەڵام لەئێستادا پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ ڕێکخستنەوەی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە و دیاریکردنی نرخ و کوالێتی و مەرجەکانی کارکردن لە چوارچێوەی گرێبەستێکدا.

 

هەر لەوبارەیەوە ئەحمەد هەمزە، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای "ئێچ دی بۆکس" لەگەڵ ئەوەی نایشارێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک کێشەیان لە پەخشدا هەبووە، بەڵام لەئێستادا چارەسەریان کردووە.

 

ئەو بە "ناس کورد"ی وت، "جگە لە کۆمپانیاکان، کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان کێشەیان زۆرە و زۆر بە بێ سەروبەرەیی کار دەکەن، بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 کەناڵ هەن نوسینگەیان نییە و پەخشیان لە ماڵدایە، کاتێک کارەبای ماڵەوە دەبڕیت، پەخشی کەناڵەکەش نامێنێت."

 

باسی لەوەشکرد، "زیاتر لە %90ی کەناڵەکان مۆڵەتییان نییە یاخود مۆڵەتیان بەسەرچووە، چونکە زۆرینەی کەناڵەکان مۆڵەتێکی سێ مانگی وەردەگرن تا دەخرێنە سیستمی پەخشەوە، دواتر مۆڵەتەکە نوێ ناکەنەوە و هەر بەردەوام دەبن لە کارکردن."

 

ئەحمەد هەمزە باسی لەوەشکرد، "چەند کۆمپانیایەکی پەخشی بێ مۆڵەتیش کاردەکەن و ئێمەش داوامان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری کردووە ڕێکخستنەوە بۆ کارەکان بکات و ئەو کۆمپانیا و کەناڵانەی مۆڵەتیان نییە ڕێگریان لێبکرێت لە کار کردن."