گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

دەستەى دەستپاکى هەرێم ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرى گشتى و بریکارى وەزیرى ڕوبەروى دادگا کردەوە 

2021.06.21 - 15:42
App store icon Play store icon Play store icon
دەستەى دەستپاکى هەرێم ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرى گشتى و بریکارى وەزیرى ڕوبەروى دادگا کردەوە 

ناس کورد-

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کار دەکەن بۆ پێکهێنانی دادگایەکی تایبەت بەدۆسییەکانی گەندەڵی، ئاشکراشی کرد، دەستەکەیان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بە بەهای زیاتر لە 200 ملیار دۆلار بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی ئاشکرا کردووە و ژمارەیەک بەرێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیریان ڕوبەڕوی دادگا کردووەتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەکە (21ی حوزەیرانی 2021) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ڕایگەیاند "پەیوەندی پتەومان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی عێراق هەیە لەسەر بنەمای دەستور و یاسا بەرکارەکان".

 

وتیشی "لەماوەی ڕابردوودا هاوکاریی یەکترمان کردووە لەڕادەست کردن و ئاڵۆگۆڕی تاوانبارانی دۆسییەکانی گەندەڵی لەنێوان بەغدا و هەولێر".

 

سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە "پرسی گەندەڵی لەدەروازە سنورییەکان لەپسپۆڕایەتی ئێمەدا نییە، بەڵام بەشێوەیەکی ورد و چڕ چاودێری کاری ئەو فەرمانگانە دەکەین و زانیارییە بەدەست هاتووەکانمان  ڕادەستی داواکاریی گشتی هەرێم کردووە".

 

بەوتەی ئەنوەر "لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بەبەهای زیاتر لە 200 ملیار دۆلار  توانیومانە بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی  ئاشکرا بکەین و هاوکات ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیرمان لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی ڕادەستی دادگاکان کردووە".

 

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو "دەستەکەمان  هاوکاری تەواوی هەیە لەگەڵ پڕۆگرامی (UNDP) کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی دەکرێت کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە دەزگا تایبەتییەکانی هەرێم لەبواری قەڵاچۆکردنی گەندەڵی لەکایە ئیدارییەکانی حکومەتدا".

 

 ئاماژەی بەوەش کردووە "لەئێستادا کاردەکەین لەسەر پڕۆژە یاسای پێکهێنانی دادگاییەکی تایبەت بەگەندەڵی لەهەرێمی کوردستان کە لەئێستادا ڕەشنوسەکەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە".