ناس کورد-
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە یاسای ھاتوچۆیە و بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، هەندێک لە سزاکان زیاد دەکرێن و خێرایی دیاریکراو لە شەقامەکانیش بەگوێرەی کات دەگۆڕێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەمید ئەسعەد کەریم، وتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان (دووشەممە 21ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان یاسای هاتوچۆی سەردەمی بریمەر جێبەجێ دەکرێت و پێکهاتووە لە 30 بۆ 40 خاڵ، کە ئەوەش زۆر کەمە، چونکە یاساکانی هاتوچۆ پێویستە ورد بن و دەکرێت زیاتر لە 60 لاپەڕە بێت، بۆیە ئەوە پێویستی بە پێداچوونەوەیە و ئەو یاسایە لەگەڵ سەردەمی ئێستا ناگونجێت."
وتیشی، "وەزارەتی ناوخۆ سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە یاساکە و چەند لیژنەیەک لە هاتوچۆی شار و شارۆچکەکان پێکدەهێنرێت بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی گونجاو کە گونجاو بێت لەگەڵ ئێستای هەرێمی کوردستان."
وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم باسی لەوەشکرد، " بڕیارە لە ھەموو روویەکەوە پێداچوونەوە بە سیستەمی ھاتوچۆ بکرێت ھەر لە دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری تا دەگاتە کارمەندی هاتوچۆ و سەرپێچییەکان و پێ بژاردن و سزاکانیش."
لەبارەی زیادکردنی پێبژاردنەکان، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، "عێراق پێداچوونەوەی بە یاسای هاتوچۆ کرد و زۆرینەی پێبژاردنەکانی کردە دوو هێندە، ئێمە نامانەوێت بەپێی ئەوان بڕیار بدەین، بەڵام هەندێک سزای سەرپێچی هەن پێویستە پێبژاردنەکانیان زیاد بکرێت و هەندێک پێداچوونەوەی پێدا بکرێت."
وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم ئامادەنەبوو هیچ وادەیەک بۆ دەرکردنی یاسا نوێیەکە دیاری بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، "دەکرێت لەم کابینەیەدا گۆڕانکارییەکان بکرێن و یاساکە بگۆڕدرێت."