گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەجەکە: جموجۆڵەکانى پارتى گەورەترین مەترسین لەسەر گەریلا

2021.06.20 - 22:11
App store icon Play store icon Play store icon
کەجەکە: جموجۆڵەکانى پارتى گەورەترین مەترسین لەسەر گەریلا

ناس کورد-

 

بەرپرسێکى باڵاى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) جموجۆڵەکانى پارتى بە "گەورەترین مەترسی" بۆ سەر هێزەکانى پەکەکە دادەنێت و داواى کشانەوەى هێزەکانى پارتى دەکات بۆ شوێنەکانى خۆیان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە میدیاکانى پەکەکەى راگەیاند "لە رووی بەرخودانی گەریلاوە کێشە نییە و لە هەموو شوێنێکدا تێکۆشان بەردەوامە. گەریلا دەوڵەتى تورکی بە بنبەست گەیاندووە، بەڵام دوای ئەوە کێ هەناسەی بە بەر دەوڵەتی تورکدا هێنایەوە؟ دەبێت مرۆڤ لەسەر ئەوە هەڵوەستە بکات".

 

وتیشى "ئێستا گەورەترین مەترسی لە دژی گەریلا جموجوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و رووداوەکەى مەتیناش نمونەکەیەتی".

 

" تاوانباری راستەقینە و سەرەکی ئەوەیە، کە پێشمەرگەى ناردووە بۆ ئەو شوێنە. دەبێت مرۆڤ هەندێک لەسەر راستیی پەدەکە راوەستێت. بۆ نمونە کاتێک رووداوەکە روویدا، تورکیا بە فڕۆکەى جەنگی هێرشیکرد و راستەوخۆی ئەردۆغان و گروپەکەى دەستیان بە جموجوڵ کرد. دوای ئەوەش راستەوخۆی وتیان بڵێن پەکەکە هێرشی کردووە".

 

ئاڤێستا جەختیشیکردەوە، دەبێت پارتى پێشمەرگە و هێزە تایبەتەکانی، کە رەوانەى ناوچەکانی گەریلای کردوون، بیانکێشێتەوە بۆ شوێنەکانی پێشووی خۆیان.

 

ماوەى چەند هەفتەیەکە گرژییەکانى پارتى و پەکەکە لەسنورى بادینان پێیناوەتە قۆناغێکى نوێوە، دواى دوو پێکدادان کە کوژرانى شەش پێشمەرگەیان لێکەوتەوە، هاوکات لەگەڵ ئۆپراسیۆنى بەردەوامى تورکیا لەدژى پەکەکە کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە.  

 

هەریەکە لە پارتى و پەکەکە لەدواى سەرهەڵدانى گرژییەکانەوە هێزى زیاتریان بردووەتە بادینان بەتایبەتى ناوچەى مەتینا لەسنورى ئامێدى کە بووەتە چەقى ئاڵۆزیی و پێکدادانەکان.