گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كۆنفرانس ده‌به‌ستێت

شەش ئەندامی باڵا و ژمارەیەک کادری حزبەکە بەشداری ناکەن

2019.03.10 - 16:49
شەش ئەندامی باڵا و ژمارەیەک کادری حزبەکە بەشداری ناکەن

ناس كورد- ئەحمەد مستەفا

وته‌بێژی كۆنفرانسی بزوتنه‌وی ئیسلامی ڕایگه‌یاند، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كۆنفڕانسی ساڵانه‌ی خۆی له‌ سلێمانی ده‌به‌ستێت، هاوكات شه‌ش ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ده‌ڵێن به‌شداری كۆنفڕانسه‌كه‌ ناكه‌ین. 

 

بڕیارە بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆنفرانسی حیزبەکەی ببەستێت، ئه‌حسه‌ن حه‌سه‌ن وته‌بێژی كۆنفڕانسەکەش تایبەت بە‌ ناس كورد-ی ڕاگه‌یاند: "به ‌ئامانجی نوێكردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و هه‌ندێك گۆڕانكاری له‌ به‌رنامه‌ و كاری بزوتنه‌وهی ئیسلامی،‌ سبه‌ی (دووشه‌ممه)‌، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان له‌ شاری سلێمانی كۆنفرانسی ساڵانه‌ی خۆی ده‌به‌ستێت".

 

وتیشی: "به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، له‌نێوان دوو كۆنگره‌دا، بزوتنه‌وه‌ كۆنفرانسێک بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ و کارەکانی دەبەستێت، به‌ڵام هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ پله‌ی ڕابه‌ر و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شورا و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ناكرێت".

 

لە باره‌ی ئه‌و شه‌ش ئه‌ندامه‌ باڵایەی بزوتنه‌وەوە‌ كه‌ له‌ڕابردودا، وزهینانی خۆیان لەو حیزبە ڕاگەیاند، وته‌بێژی كۆنفڕانسی بزوتنه‌وه ئاشكرایكرد: "له‌ ئاستی باڵا و له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی په‌یوه‌ندی به‌و شه‌ش ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی كراوه‌ كه‌ به‌شداری له‌ كۆنفڕانسی بزوتنه‌وەدا بكه‌ن، تا ئیستاش گفتوگۆ لەگەڵیان بەردەوامە".

 

لەلایەکی دیکەوە، کامیل مەحمود، یەکێک لەو شەش ئەندامەی بزوتنەوەی ئیسلامی کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە حیزبەکە ڕاگەیاندووە بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "گرفتی ئێمه‌ ته‌نها گۆڕینی ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی نییه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سیستمی سیاسی بزوتنه‌وه‌ و په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب و هێڵه‌ گشتییه‌كان گۆڕانكاری تێدا بكرێت و ده‌ست به‌ چاكسازی له‌ ناوخۆی حزبەکەدا بكرێت".

 

کامیل مەحمود پشتڕاستی کردەوە کە داوایان لێکرابێت بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن وتیشی: "له‌ ئاستی باڵا و له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی داوامان لێكراوه‌، به‌شداری كۆنفڕانسەکە بكه‌ین، به‌ڵام تائێستا بڕیارمان وایه‌ وه‌ك شه‌ش ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و كادرانی باڵای حزبەکە به‌شداری نه‌كه‌ین".

 

ئەو ئەندامە دەستلەکارکێشاوەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوە ئاواتی خواست كۆنفڕانسەکە ئه‌نجامێكی باشی هه‌بێت به‌ ئامانجی، ده‌ستپێكردنی چاكسازی له‌ناوخۆی حزبەکە.