گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردن

یەکێتى و گۆڕان رێککەوتنى دەباشان زیندوو دەکەنەوە؟

2021.06.20 - 19:06
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتى و گۆڕان رێککەوتنى دەباشان زیندوو دەکەنەوە؟

ناس کورد-

 

یەکێتى و گۆڕان جەخت لە کاراکردنەوەى رێککەوتنى دەباشان دەکەنەوە، دواى واژۆکردنى رێککەوتنى تایبەت بە هاوپەیمانى نێوانیان بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رێککەوتنى دەباشان ساڵى 2016 لەنێوان یەکێتى و گۆڕان واژۆکرا و هەردوولا سەرکردایەتییەکى هاوبەشیان دروستکرد، بەڵام کۆتایی ساڵى 2017 رێککەوتنەکە هەڵپەسێردراو هەردولا یەکتریان بە پێشێلکردنى تۆمەتبارکرد.

 

دواى چوار ساڵ لە هەڵپەساردنى رێککەوتنەکە، هەردوو حزبەکە ئەمڕۆ یەکشەممە قۆناغێکى نوێیان بەئاڕاستەى نزیکبوونەوەیان دەستپێکرد، کاتێک رێککەوتنى تایبەت بە هاوپەیمانى نێوانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق واژۆکرد، لەکاتێکدا هێشتا رێککەوتنى دەباشان بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە.

 

سۆران جەمال تاهیر ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە کۆنفرانسێکى رۆنامەنوسیدا وتى "لەرابردوودا دوو رێککەوتن لەنێوان یەکێتى و گۆڕاندا کراوە، یەکێکیان تایبەت بووە بە ئەنجومەن و حکومەتى خۆجێی کە زیاتر لە 95%ى جێبەجێکراوە".

 

وتیشى "ئەوەى دیکەیان رێککەوتنى دەباشانە کە خاڵ و بەندەکانى ماوە، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار لەدواى هەڵبژاردنى 2018 هەڵپەسێردرا، ئەم رێککەوتنەى ئێستا دەبێتە هەنگاوێک بۆ زیندووکردنەوەى رێککەوتنەکانى پێشوو، ئەوەش پەیوەستە بە دروستبوونەوەى متمانە لەنێوان هەردوولا".

یەکێتى و گۆڕان چاویان لە زیندوکردنەوەى ڕێککەوتنى دەباشانە

بەدرێژایی ساڵانى دواى هەڵپەساردنى رێککەوتنى دەباشان پەیوەندییەکانى نێوان یەکێتى و گۆڕان گرژى و ئاڵۆزى زۆریان بەخۆوە بینى، بەڵام  دواى ئەنجامدانى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا هەنگاوەکان بۆ نزیکبوونەوەى هەردولا دەستپێکرد و چەندینجار کۆبوونەوە.

 

دەرباز محەمەد ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان وتى "رێککەوتنى تایبەت بە حکومەتى خۆجێی بەشێکى زۆرى جێبەجێکراوە، ئێستاش لەقسە و باسدان بۆ جێبەجێکردنى بەشێکى دیکەى.

 

باسى لەوەشکرد، هەروەها رێککەوتنى دەباشان لە دۆخێکدا واژۆکرا مام جەلال و نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوون، بەڵام بەهۆى رووداوەکانى وەک ریفراندۆم و هەندێ کێشە و تەنگژەوە جێبەجێنەکرا.

 

دەرباز محەمەد  وتیشى "بەبڕواى ئێمە ئەوەى ئێستا قۆناغێکى نوێیە، رێککەوتنەکە تر تەفاسیلى زۆرە، هەموو سبەینێیەکى نوێ دەکرێت هەنگاوى نوێی بەدوادا بێت".