کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەردانی گردی زەرگەتەی سلێمانی دەکات و لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی گۆڕان کۆدەبێتەوە، ئەندامێکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵیش ئاماژە بەوە دەکات "دیارنییە چارەنووسی گۆڕان لە نێوان یەکێتی و پارتیدا چی بەسەردێت". . کامەران بابان زادە، ئەندامی ئەنجوومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند:" مامۆستا عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵ و شاندێکی یاوەری، سەردانی گردی زەرگەتە دەکەن و لەگەڵ عومەری سەید عەلی و شاندێکی گۆڕاندا کۆدەبنەوە و تاوتوێی دۆخی هەرێم و ناوچەکە دەکەن". . سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵ و گۆڕان ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵ وتی، لە ڕابردوودا هەردوو لایەن چەندین کاری هاوبەشیان پێکەوە کردووە و پەیوەندییەکی باشیان هەبووە، بەڵام بۆ ئەم کابینەیە و ئەم خولەی پەرلەمان هێشتا زووە بۆ باسکردنی ئەو پرسە. . کامەران بابان زادە، روونیکردەوە، ڕوون نییە چارەنووسی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ پارتی هەیەتی لە نێوان یەکێتی و پارتی و دوو زۆن و دوو نفوسی جیاوازدا چی بەسەردێت و جێبەجێکردنیشی زۆر قورسە و هەروا ئاسان نییە، بۆیە لەئێستادا هیچ نەخشە ڕێگەیەکیان نییە بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ گۆڕاندا و چاوەڕێ دەکەن تا حکومەت پێکدەهێنرێت. . سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئەندامەکەی ئەنجوومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵ باسی لەوەکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو و هەروەها پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی پێمانوایە پێکهێنانی حکومەت زیاتر دوادەکەوێت و بە ئاسانی پێکنایەت. . سەردانەکەی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ لای بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە کە دوێنێ (دووشەممە) مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم سەردانی سلێمانی کرد و لە بەشێکی سەردانەکەیدا لەگەڵ شاندێکی گۆڕان لە گردی زەرگەتە کۆبوەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد. .