ناس کورد-
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، تەحەدای حکومەت و دەسەڵاتداران دەکات ئەگەر ڕێگەیان بدرێت بەنزین دەهێنن و لیتری بە 500 دینار دەفرۆشن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ (شەممە 19ی حوزەیرانی 2021) ڕایگەیاند، "تەحەدای حکومەت و دەسەڵاتداران دەکەم ئەگەر راست دەکەن و ئەم پارەی زیادەی بەنزینە بۆ حیزب نییە، ئەوا رێمان بدەن ئێمە چەندین بازرگان هەیە کە ئەمرۆ لیژنەی تایبەتم راسپاردووە و قسەیان لەگەڵ کردوون دەتوانن بەنزین بهێنن و لیتری بە 500 دینار بفرۆشن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمەی ئێستا رودەدات سەرانەسەندنی ئاشکرایە لە خەڵک بۆ دوو کۆمپانیای حیزبی، چونکە هەم گومرگی هەموو لیترێک بەنزین 75 دینارە و هەمیش دوو کۆپمپانیای سەر سنورەکان لە ئێستادا 125 دینار وەردەگرن بۆ یەک لیتر بەنزین، کە بە هەردووکی 200 دینار وەردەگرن زیادە (ئەمە جگە لەوەی ئێستا 50 دینار قازانج زیاتر خراوەتە سەر نرخی فرۆشتنەکەش)."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "با خەلکی کوردستان بزانن کە ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات لە ئێستادا تەنها موچە نابرن و فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانیان باج و سەرانە لەخەلک ناسەنن، بەڵکو نەخۆشخانەکان دادەخەن و بەنزین گران دەکەن بۆ خۆیان و خوێندن و تەواوی سێکتەرەکانی تریشیان وێران کردوە."
جەختیشی کردووەتەوە، "ئەگەر حکومەت و دوو حیزبی دەسەڵات راست دەکەن و دەڵێت بەنزین لە بازارەکانی جیهان گران بووە، ئەوا فەرموو رێ بدە با ئێمە چارەسەری بکەین."