ناس کورد-
ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ڕایگەیاند کە ئیبراهیم رەیسی لە جیاوازییەکی زۆر لە پێش کاندیدەکانی ترەوەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ئاماری فەرمیی ناوەندەکە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرا کرد، لە کۆی دەنگی 28 ملیۆن دەنگدەر کە دوێنێ هەینی، 18ی حوزەیرانی 2021، دەنگیان داوە کە بەم شێوەیە بەسەر کاندیدەکاندا دابەشکراوە:
ئیبراهیم ڕەیسی: 17 ملیۆن و 800 هەزار دەنگ
موحسین ڕەزایی: سێ ملیۆن و 300 هەزار دەنگ
عەبدولناسر هیمەتی: دوو ملیۆن و 400 دەنگ
ئەمیر حوسێن هاشمی: یەک ملیۆن دەنگ
دوێنێ هەینی، 18ی حوزەیرانی 2021، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سیانزەیەمینی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی شارەوانییەکان و هەڵبژاردنی تەواوکاری ئەنجومەنی شورای ئیسلامی و ئەنجومەنی شارەزایان لە ئێران بەڕێوەچوو.
تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی، ئامارە سەرەتاییەکان بردنەوەى ڕەیسییان مسۆگەرکردبوو، هەربۆیە هەرسێ کاندیدەکەى تر پیرۆزباییان لە ناوبراو کرد.
ئیبراهیم رەئیسی ساڵی 1960 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە و لەئێستادا دوو کچی هەیە. ساڵی 1985 بووەتە جێگری داواکاری گشتی تاران، هەروەها ساڵانی 1989 تا 1994 بووەتە سەرۆکی داواکاری گشتی ئێران لە تاران.
ناوبراو ساڵانی 1994 تا 2004 بووەتە سەرۆکی دەزگای پشکنین و چاودرێری گشتی و ساڵی 2007یش بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان.
ساڵی 2004 تا 2014 بووەتە جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران و ساڵی2014 تا 2016 بووەتە داواکاری گشتی ئێران، ساڵی 2017 خۆی کاندید کرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران.
لە کۆتاییدا ساڵی 2019 بووەتە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران.