گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’رێککەوتنى هاوسەر و بکوژ’’

’’داواى جیابوونەوە و چوونە ئەوروپا’’..سەرهەنگ بۆچى کوژرا؟

2021.06.17 - 23:21
App store icon Play store icon Play store icon
’’داواى جیابوونەوە و چوونە ئەوروپا’’..سەرهەنگ بۆچى کوژرا؟

ناس کورد-

 

"داواى جیابوونەوە بۆ چوونە ئەوروپا"، کێشەکانى سەرهەنگ و هاوسەرەکەیان گەیاندە لوتکە، کە بەکوشتنى سەرهەنگ لەلایەن کەسێکەوە کۆتایی هات کە بەوتەى خۆى لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەکرێگیراوە بۆ کوشتنى.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دواى کەمتر لە دوو مانگ لە کوژرانى سەرهەنگى 33 ساڵان لەنزیک ماڵەکەى خۆى لە حاجیاوا، نهێنییەکانى پشت رووداوەکە خەریکە بەتەواوى دەردەکەون، دواى ئەوەى تۆمەتبارى سەرەکى دانینا بە کوشتنیدا و خێزان و خەسوشى دەستگیرکران.

 

سەرهەنگ خالد کە خێزاندار بوو، کاتژمێر 10 ى شەوى 21 ى نیسان لە نزیک ماڵەکەى لە گەڕەکی دابانى ناحیەی حاجیاوا سەر بە قەزای ڕانیە درایە بەر دەستڕێژى گولە و گیانى لەدەستدا.

 

دواى رووداوەکە پۆلیس هەرزوو لێکۆڵینەوەى دەستپێکرد و گومانەکان بەئاڕاستەى چەند کەسێک بوون کە بەشێکیان کەسە نزیکەکانى بوون، لەناویاندا هاوسەرى و خەسوی کە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیران.

 

سەربارى وەرگرتنى وتە لەو دوو کەسە، پۆلیس سەرقاڵى لێکۆڵینەوە و دەستخستنى بەڵگەى زیاتر بوو لەو بارەیەوە، بەتایبەتى بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، بۆ ئەوەى تۆمەتبارى سەرەکى دیارى بکات.

 

بەپێی راگەیەنراوێکى پۆلیس کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، دواجار لەلایەن بنکەی پۆلیسی حاجیاوا و بە هاوکاری ئاسایشی حاجیاوا بکوژی سەرەکی ڕوداوەکە بەناوی (س، آ، آ ) دەستگیرکرا و بە هەمان مادە بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیرا.  

 

بەوتەى پۆلیس، تۆمەتبارەکە سەرەتا نکوڵیکردووە سەرەڕاى کۆکردنەوەى بەڵگەکان لەسەرى، بەڵام دواتر دانیناوە بە تاوانەکەیدا و زانیارى دیکەشى لەبارەى رووداوەکە ئاشکراکردووە.

 

پۆلیس تا ئێستا هۆکارى رووداوەکەى ئاشکرانەکردووە و دەڵێت لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن، بەڵام بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دۆسیەکە، تۆمەتبارە سەرەکییەکە وتویەتى کە رووداوەکە پەیوەندى هەبووە بە کێشەى ئەو ژن و مێردەوە لەسەر چەند شتێک.

 

سەرچاوەکە بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، ئەو ژنە دوای ئەوەی چەند جارێک داوای جیابونەوەی لە هاوسەرەکەی کردووە بۆ ئەوەی خۆی بچێت بۆ ئەوروپا بەڵام هاوسەرەکەی ڕازی نەبووە و وتویەتی با بەیەکەوە بڕۆین، ئەوەش کێشەى لەنێوانیان دروستکردووە.

 

وتیشى بەوتەى تۆمەتبارى سەرەکى کە دانى بەتاوانەکەدا ناوە، بەهۆى ئەو کێشەیەوە هاوسەرى سەرهەنگ بڕی دوو دەفتەر و حەفتا وەرەقەی پێداوە تا هاوسەرەکەی بۆ بکوژێت و ئەویش  تاوانەکەی ئەنجام داوە.

 

پۆلیس دەڵێت "لەئێستادا تۆمەتبار (س،آ،آ) لە بەردەم پۆلیس و دادگا دانی نا بەتاوانەکەیدا، بە وتەی خۆی دەڵێت لەگەڵ خێزانی کوژراو ڕێک کەوتووە کە لە بەرامبەر بڕی ٢٢٧٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە خێزانی کوژراو وەربگرێت و مێردەکەی بۆ بکوژێت".  

 

هاوسەرەکەى سەرهەنگ پێشتر هاوسەرگیرى کردووە و منداڵێکى هەبووە بەڵام دواتر جیابووەتەوە ولەگەڵ سەرهەنگ هاوسەرگیریی کردووە و بوونەتە خاوەنى منداڵێک.

 

ژنەکە خاوەنى ئارایشتگایە و پێشانگایەکى جلوبەرگى بوکێنیشى بۆ سەرهەنگ کردووەتەوە و بەو هۆیەشەوە بارى داراییان باش بووە و ئۆتۆمبێلێکى گرانبەهایان کڕیوە، بەڵام دواتر سەرهەنگ فرۆشتویەتى و مینى پاسێکى کڕیوە، بەوتەى سەرچاوەکە ئەوەش هۆکارێکى سەرهەڵدانى کێشەى نێوانیان بووە.

 

پۆلیس تا ئێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە هاوسەرەکەى سەرهەنگ دانیناوە بە تێوەگلانیدا لەدۆسیەى کوژرانى هاوسەرەکەى یاخود نا، تەنها جەختیلەوەکردووەتەوە کە هێشتا لاى پۆلیس راگیراوە.

  

بەوتەى پۆلیس، بکوژەکە وتویەتى لەبەرواری ٢١ /٤/ ٢٠٢١ نزیک کاتژمێر ١٠ی شەو تاوانی کوشتنەکەی ئەنجامداوە. لەئێستاشدا تۆمەتباری ناوبراو لەگەڵ خێزانی کوژراو و خەسوی کوژراو بەهەمان ماددەی یاسایی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.