ناس کورد-
وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، لەسەر دوو ئاست پلانیان داناوە بۆ قەرەبووکردنەوەى خوێندنى لەدەستچوو، کە لەساڵى نوێی خوێندنەوە دەستپێدەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئالان حەمە سەعید ئەمڕۆ پێنج شەممە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى وتى "لەسەر دوو ئاست پلانمان داڕشتووە لەو بارەیەوە، یەکێکیان لۆکاڵییە و موفرەدات ئامادە دەکەین بۆ ساڵى نوێی خوێندن کە دەدرێتە مامۆستایان بۆ ئەوەى بەر لەدەستپێکى خوێندن ماوە و بەشە وانەیان بۆ دیاریبکرێت بۆ ئەوەى بە خوێندکارانى بڵێنەوە، تا ئەو بابەتانەى لەدەستچووە گرنگى زیاتریان پێبدرێت".
رونیشیکردەوە "لەسەر ئاستێکى دیکە هەماهەنگى دەکەین لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دانانى ستراتیژیەتێک بۆ قەرەبووکردنەوەى خوێندنى لەدەستچوو".
"ئەگەر بتوانین سەرەتاى مانگى نۆ دەست بە خوێندن بکەین دەتوانین کاتێک دابنێین بۆ ئەو پڕۆسەیە، واتە ئەو خوێندکارەى لەقۆناغى یەکە و دەچێتە دوو لەگەڵ سێ و چوار، ساڵى ئایندە مەشمولى ئەو بەرنامەیە دەبێت، لەگەڵ قۆناغى 11 بۆ ئەوەى ساڵ بەساڵ قەرەبوویان بکرێتەوە"، وەزیرى پەروەردە وایوت.
لەبارەى مەرجى کوتانى مامۆستایان بە ڤاکسین بۆ ساڵى نوێی خوێندن، ئالان حەمە سەعدی وتى "دەمانەوێت ساڵى خوێندنى ئایندە سەقامگیر بێت، بۆ ئەوەش پێویستە مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن و لەگەڵ تەندروستى تاوتوێی ئەو پرسەمان کردووە".