ناس کورد-
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕایگەیاند، وەزیرى ناوخۆ پێشوازى لەشاندێکى باڵاى پێشمەرگە کردووە و شاندى هەرێمیش سوپاسى غانمیان کردووە بۆ پاڵپشتیەکانى لەپێناو چەسپاندنى دۆخى ئۆقرەیى لە ناوچە هاوبەشەکانى نێوان هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگەدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوسینگەى ڕاگەیاندنى عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عێراق (17ى حوزەیرانى 2021) لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە "ئەمڕۆ (پێنجشەممە) وەزیرى ناوخۆ پێشوازى لەشاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان کردووە کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک لەبەرپرسانى ئەمنیى و پێشمەرگە لەناویاندا جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ئەو شاندە کۆمەڵێک پرس تاوتوێ کراوە کە جێى بایەخى هەردوولا بووە لەوانە هەماهەنگى و هاریکارى بۆ پتەوکردنى دۆخى ئەمنیى بەتایبەت لەو ناوچانەى کە هێزە هاوبەشەکانى فیدراڵ و پاسەوانى سنورى هەرێمى تێدایە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنى ئۆقرەیى لەناوچە سنورییەکان کراوە بەهاوبەشى هەردوولا و ئەوەش بەگرتنەبەرى چەند ڕێوشوێنێک لەوانە کامێراى شەوبین کە دەکەوێتە ناوچەى بەرپرسیارێتى لیواى سێى فەرماندەیی لەناوچە سنورییەکانى سلێمانى و هەڵەبجە.
غانمى جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، سوپاى پاسەوانى سنورى هەرێم ڕۆڵى باشى هەبووە لە تێکشکاندنى داعش و بەرەنگاربوونەوەى تاواندا و لاى خۆشیەوە شاندى کوردى، سوپاسى وەزیرى ناوخۆى عێراقیان کردووە بۆ پاڵپشتى کردنى چەسپاندنى دۆخى ئۆقرەیى و پەیوەندى بەردەوامى لەگەڵ دەزگا ئەمنییە جیاوازەکانى ناوچەکاندا.