ناس کورد-
لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پێدانى 200 ملیار دینارى مانگانە بەهەرێمى کوردستان "نایاساییە" و پێچەوانەى یاساى بودجەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لیژنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەیاننامەیەکدا داواى لە داواکارى گشتى کردووە رێکارى یاسایی بگرێتە بەر ئەگەر بەغدا مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەى هەرێم بکات.
هەروەها هۆشداریدەداتە حکومەت و بانکى ناوەندى کە ئەو "هەنگاوە" نەنێن.
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رۆژى سێشەممە 15 ى حوزەیرانى 2021 بڕیاریدا بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار وەک پشکى شەش مانگى رابردووى هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە.
بڕیارى ناردنى پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق لەلایەن مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانەوە خراوەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و دەنگى پێویستى بەدەستهێناوە.
بەپێى ئەو زانیارییانەى "ناس کورد" لە سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە لە بەغدا دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا کازمى بڕیارى ناردنى پشکى هەرێمى خستووەتەڕوو، داوایکردووە بە دەنگدان یەکلایی بکرێتەوە.
وتیشى، کازمى لە کۆبوونەوەکەدا بە وەزیرەکانى وتووە ڕەنگە گفتوگۆکان لەنێوان لیژنە هونەرییەکانى هەرێم و بەغدا کاتێکى زۆرتر بخایەنن، با بڕیارى ناردنى گوژمەى یەکەم کە بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیۆن دینارە بدرێت تا ئەو کاتەى گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام، لەگەڵ ناردنى بڕى 200 ملیار دینارى مانگانە.
بەوتەى سەرچاوەکە، بڕیارەکە دەنگى پێویستى هێناوە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران و دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
تائێستا حکومەتى عێراق و وەزارەتى دارایی کە لایەنى پەیوەندیدارە بەفەرمى بڕیارەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم جەختى لە بڕیارەکە کردەوە.
مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد."
دەشڵێت، "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه بهشه بودجهی هەرێمی کوردستان بگهڕێندرێتهوه، ئهمهش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)."
مەسرور بارزانی ئەو بڕیارەى بەغدا بە "وەرچەرخانێکی گرنگ" ناوبردووە و دەڵێت بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بوون.
ئەو بڕیارەى بەغدا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى گفتوگۆکانى چاودێرى دارایی بەغدا و هەرێم بۆ وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانى هەرێم، کە بەپێی یاساى بودجە پێویستە نیوەیان رادەستى بەغدا بکرێت، سەربارى داهاتى رۆژانەى 250 هەزار بەرمیل نەوت.