گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی فەرمی حکومەت لەبارەى لێبڕینی موچە دوای ناردنی پارەکەى بەغدا

2021.06.16 - 10:50
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی فەرمی حکومەت لەبارەى لێبڕینی موچە دوای ناردنی پارەکەى بەغدا

ناس کورد-

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، بڕیاری ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لەلایەن عێراقەوە کاریگەری دەبێت لەسەر لێبڕینی موچەی فەرمانبەران و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم باسی ئەو پرسە دەکریت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەمیر ھەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بە میدیای فەرمی یەکێتی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد بڕیاری خەرجکردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ ھەرێم لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە ھەوڵی شاندی باڵای حکومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بووە.


وتیشی، سەرەتای سەردانەکانمان کۆبوونەوە لەسەر سەرجەم لایەنەکانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی ئەو زانیارییە ناردوستانەی لەسەر حکومەتی ھەرێم دراوە راستبکرێتەوە.


ڕاشیگەیاند، بەپێی بڕیارەکە دەبێت حکومەتی عێراق بەشە بودجەی شەش مانگ بۆ ھەرێم بنێرێت و ئەوەش کاریگەری باشی دەبێت لەسەر موچەی فەرمانبەران و لێبڕینی موچە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا باسی ئەو بابەتە دەکرێت.

 

هاوکات جێگری دووه‌می سه‌رۆكی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ناردنى پشکى هەرێم بە میکانیزمى "مەقاسە"یە، بەڵام ڕەنگە پشکى هەر شەش مانگەکە بەیەکەوە ڕەوانە نەکرێت و بەچەند قۆناغێک بنێردرێت.

 

بەشیر حەداد لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئاماژەى بەوەکردووە، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و پێی وتوون دوو تیمیان له‌ هه‌ولێر و سلێمانی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ چاودێری هه‌رێم سه‌رقاڵی كارن بۆ وردبینی و له‌ كاره‌كان، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌غدا قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ بهێنێت، كه‌ ژماره‌كانی هه‌ولێر راست و درووستن.  

  

وتیشى، "هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و به‌غدا، بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیار بدرێت، دوای مقایه‌سه‌ كردن، مانگانه‌ 200 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت".  

  

بەشیر حەداد ڕوونیشیكرده‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ كاری پێده‌كرێت و پێویسته‌ ترلیۆنێك و 200 ملیۆن دینار له‌ به‌غداوه‌ بێت و دیار نییه‌ كه‌ی پاره‌كه‌ ده‌گات، پێش كۆتایی ئه‌م مانگه‌ ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بگات.  

  

دەشڵێت، ڕه‌نگه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ نه‌یه‌ت، ره‌نگه‌ به‌ دوو قۆناغ یان سێ قۆناغ بێت، ئه‌وی دیكه‌ش تا كۆتایی ئه‌مساڵ، مانگی 200 ملیار دینار دێت.  

  

لەگەڵ ئەوەشدا بەشیر حەداد جەختیکردەوە، هێشتا مه‌ترسییه‌كان ماون و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كۆڵ نه‌ده‌ن و به‌و نه‌فه‌سه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كار بكات. ئێستاش هه‌وڵده‌درێت كێشه‌ بۆ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ درووست بكرێت.  

  

ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رۆژى سێشەممە 15 ى حوزەیرانى 2021 بڕیاریدا بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار وەک پشکى شەش مانگى رابردووى هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە.

  

بڕیارى ناردنى پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق لەلایەن مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانەوە خراوەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و دەنگى پێویستى بەدەستهێناوە.  

  

بەپێى ئەو زانیارییانەى "ناس کورد" لە سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە لە بەغدا دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا کازمى بڕیارى ناردنى پشکى هەرێمى خستووەتەڕوو، داوایکردووە بە دەنگدان یەکلایی بکرێتەوە.  

  

وتیشى، کازمى لە کۆبوونەوەکەدا بە وەزیرەکانى وتووە ڕەنگە گفتوگۆکان لەنێوان لیژنە هونەرییەکانى هەرێم و بەغدا کاتێکى زۆرتر بخایەنن، با بڕیارى ناردنى گوژمەى یەکەم کە بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیۆن دینارە بدرێت تا ئەو کاتەى گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام، لەگەڵ ناردنى بڕى 200 ملیار دینارى مانگانە.  

  

بەوتەى سەرچاوەکە، بڕیارەکە دەنگى پێویستى هێناوە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران و دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.  

  

تائێستا حکومەتى عێراق و وەزارەتى دارایی کە لایەنى پەیوەندیدارە بەفەرمى بڕیارەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم جەختى لە بڕیارەکە کردەوە.  

  

مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد."

  

دەشڵێت، "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)."

  

مەسرور بارزانی ئەو بڕیارەى بەغدا بە "وەرچەرخانێکی گرنگ" ناوبردووە و دەڵێت بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بوون.  

  

ئەو بڕیارەى بەغدا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى گفتوگۆکانى چاودێرى دارایی بەغدا و هەرێم بۆ وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانى هەرێم، کە بەپێی یاساى بودجە پێویستە نیوەیان رادەستى بەغدا بکرێت، سەربارى داهاتى رۆژانەى 250 هەزار بەرمیل نەوت.