گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خەونى ماستەرى بردە ژێرگڵ

چیرۆکى بژوێن عوسمان؛ پێش سوتاندنى بە فیشەکێک کوژرا

2021.06.15 - 20:41
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکى بژوێن عوسمان؛ پێش سوتاندنى بە فیشەکێک کوژرا

ناس کورد-

بەرەبەیانێکى زووى هەینى، 11ی حوزەیرانی 2021، تیمێکى فڕۆکەخانەى سلێمانى لەکاتى دەرچوونیان تێبینى بوونى ئاگرێکیان کرد لە گەڕەکی عەزیز ئاوا و بەپەلە چوون بیکوژێننەوە، کاتێک چوونەسەرى بینیان تەرمێکە و خەریکە دەسوتێت، بەڵام پێش ئەوەى دەموچاوى بسوتێت ئاگرەکەیان کوژاندەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نەسوتانى دەموچاوى بووە هۆکارى زوو ناسینەوەى تەرمەکە، دەرکەوت ئەوە تەرمى بژوێن عوسمان، کچە چالاکوانى سلێمانییە و پاش کوژرانى ئاگرى تێبەردراوە.

 

بژوێن (31 ساڵ) خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە ئابورى و خوێندکارى ماستەر لە هیندستان، ساڵانێکى زۆر بوو بەشدارێکى چالاکى کارى خۆبەخشى بوو لە سلێمانى، بەڵام تا ئێستا هۆکارى کوژرانى بۆ هاوڕێ و کەسە نزیکەکانى ڕوون نەبووەتەوە.

 

هاوڕێیەکى نزیکى بژوێن کە نەیویست ناوى بهێنرێت بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، تووشى شۆک بوون بە بیستنى هەواڵى کوشتنى هاوڕێکەیان بەشێوەیەکى دڕندانە، بەڵام هێشتا بۆیان روون نەبووەتەوە لەسەر چى کوژراوە.

 

بژوێن خوێندکارى ماستەر بووە لە هیندستان، چەند ساڵێک لە خوێندنگەکان وەک مامۆستاى خۆبەخش وانەى ووتووەتەوە، دواتر لە ڕێکخراوێکى ژینگەپارێز وەک خۆبەخش کارى کردووە.

 

دوایین کارى بژوێن پێش چەند ڕۆژێک لە ڕووداوەکە بەشداریکردنى بوو لە پاککردنەوەى سەیرانگاى چەمى ڕەزان لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ چالاکوانەکانى هاوڕێی لە رێکخراوى شار بۆ گەشەپێدانى مرۆیی.

 

هاوڕێ و کەسە نزیکەکانى هێشتا شۆکى ڕووداوەکە بەرینەداون و چاوەڕوانى لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس دەکەن بۆ زانینى هۆکارەکەى کە هێشتا روون نەبووەتەوە.

 

"زۆر چالاک بوو بەشدارى ئیشەکانى دەکرد و زۆر کۆمەڵایەتى بوو، بەڵام رووداوەکە زۆر ناڕوون و کتوپڕ بوو، تا ئێستا دیار نییە بۆچى کوژراوە، هێشتا بۆ ئێمەش رووننەبووەتەوە"، هاوڕێکەى بژوێن وایوت. 

 

وتیشى، "چاوەڕوانى لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس دەکەین تا هۆکارەکەیمان بۆ ڕوونبێتەوە، ئەو تەنها دەموچاوى مابوو بسوتێت کاتێک تیمەکەى فڕۆکەخانە کوژاندیانەوە، ئەگەر ئەوکات نەکوژێنرایەتەوە بەئاسانى نەدەناسرایەوە".

 

سەرکەوت ئەحمەد، بەرێوەبەرى ڕاگەیاندنى پۆلیسى سلێمانى، بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، تائێستا نە پۆلیس نە کەسوکارى هۆکارى کوشتنى ئەو کچە نازانن و لێکۆڵینەوەکانیان لەو بارەیەوە بەردەوامە.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکان و قسەى کەسوکارى، بژوێن ئەو ڕۆژە لەگەڵ خوشکێکى لەماڵەوە بووە، لە کاتژمێر 12:10 خولەکى نیوەڕۆى پێنجشەممە چووەتە دەرەوە و تا 9:15 خولەکى شەو وەڵامى تەلەفۆنى نەداوەتەوە، دواتر کەسوکارى کە لە دەرەوەى سلێمانى بوون کەوتونەتە سۆراغکردنى.

 

تەرمى بژوێن دواى دۆزینەوە ڕادەستى پزیشکى دادى سلێمانى کرا و پاش توێکارى دەرکەوت بە فیشەکێک کوژراوە پێش ئەوەى ئاگر لە جەستەى بەربدرێت.

 

بەرزان محەمەد، پزیشکى دادى سلێمانى بە "ناس کورد"ى وت، تەرمەکە یەک فیشەکى پێوەبووە و بەوەش گیانى لەدەستداوە.

 

وتیشى، "لەبەرئەوەى بە فیشەکەکە مردووە ڕێژەى سوتاوییەکەى دەرناکەوێت، بەڵام تەنها دەموچاوى نەسوتابوو، جەستەى بووبوو بە خەڵوز".