ناس کورد-
دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان کە بەدەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن بۆ بەرپرسان ناسرابوو لابرا و دادوەرێکی دیکەی لە جێگەکەی دانرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕادیۆی دەنگ لەگەرمیان کە بایەخ بە هەواڵەکانى ئەو سنورە دەدات ئەمڕۆ سێشەممە (15ی حوزەیرانی 2021) بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەوە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان، عەبدولئەمیر جومعە، مەلەفی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی "نەزاھە"ی لێوەرگیراوەتەوە و گۆڕدراوە بە دادوەر عەباس محەمەد ئەمین.
ئەم گۆڕانکارییانە لە دادگای دەستپاکی گەرمیان، دوای ئەوەھاتوە کە دادوەر عەبدولئەمیر جومعە لەماوەکانی رابردودا و لەسەر سکاڵایەکی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریی راگرت و فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان دەرکرد کە تائێستا دەستگیرنەکراوە.
دۆسیەى ئەو دوو بەرپرسە لەسەر سکاڵایەکى تایبەت بە پرۆژەی ناوچەی نوێی پیشەسازیی ناحیەی رزگاری بوو کە بەپێی سکاڵاکە، ئەو دوو بەرپرسە بەبێ وەرگرتن و تەواوبونی مۆڵەت و رێکارەکان، ھەستاون بە کارکردن لەو پرۆژەیە، ئەمەش تۆمەتێکە کە ھەردو بەرپرسەکە رەدی دەکەنەوە و پێداگیریی لە بێتاوانییان دەکەن.
دادوەری نوێی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی، دادوەر عەباس محەمەدئەمین، ھاوکات دادوەری دۆسیەکانی ئاسایشی گەرمیان و دادوەری بەرایی و کەتنی دادگای ناحیەی رزگارییشە.
گۆڕینى ئەو دادوەرە لەکاتێکدایە، پێشتریش لە دو بەیاننامەی جیادا ژمارەیەک پەرلەمانتار و چالاکوان ھۆشدارییان دابوو لە بونی ھەوڵێک بۆ گۆڕینی دادوەری دادگای دەستپاکی.
دادوەر عەبدولئەمیر جومعە، پێش دەستبەکاربونی وەک دادوەری دادگای دەستپاکی، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی خانەقین/قۆرەتو بو و لەو ماوەیەدا لە ژمارەیەک دۆسیەی 'گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و کەمتەرخەمی' دادبینی کرد و بەھۆیەوە ژمارەیەک بەرپرسی راگرت.