گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەیرانێكی نوێ تەنگ بە كەرتی تەندروستی هەڵدەچنێت

2019.02.21 - 18:57
قەیرانێكی نوێ تەنگ بە كەرتی تەندروستی هەڵدەچنێت

ناس كورد

دوای دروستبوونی قه‌یرانی كه‌می ده‌رمان له نەخۆشخانەكاندا، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق لە روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ ته‌نگژه‌یه‌كی قورسی كه‌میی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكیدا تێده‌په‌ڕێت و هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وە‌شی بۆ قه‌یرانی دارایی گێڕایه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌ساڵی 2018 دا ته‌نها له‌ 50%ی پێداویستییه‌كانیان به‌ ده‌ست گه‌یشتووه‌ له‌ ده‌واوده‌رمان و ئه‌و بڕه‌ش هیچ كام له‌و ده‌رمانه‌ گرنگانه‌ی تێدا نه‌بووه‌ كه به‌‌ ژیان ڕزگاركه‌ر ناسراون.

وەزیری تەندروستی عێراق لە روونكرنەوەكەیدا وتیشی: "ده‌رمانه‌ ژیان ڕزگاركه‌ره‌كان هی ئه‌وه‌ نین بتوانیت چاوه‌ڕێیان بكه‌یت، به‌ڵكو ده‌بێ به‌ردوام له‌ به‌رده‌ستدا بن كه‌ ئه‌وانیش نزیكه‌ی 550 جۆر ده‌رمانن وه‌ك ده‌رمانه‌كانی چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌و ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌ چاره‌سه‌ریان قورسه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی ئەو ده‌رمانانەش‌ به‌رده‌ست نین".

وه‌زیری ته‌ندروستی ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو كه‌ نزیكه‌ی زیاتر له‌ ملیارێك دۆلاریان بۆ ته‌رخان كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ پارەیە به‌شی پێویست نییه‌، چونكه‌ نزیكه‌ی 440 ملیۆن دۆلاری له‌ بری قه‌رزی وه‌زاره‌ت ده‌درێته‌وه.‌ 

له‌ درێژه‌ی روونكردنەوەكەیدا وه‌زیری ته‌ندروستی باسی لەوەش كردووە كه‌ له‌ ئێستادا‌ عێراق نزیكه‌ی 1000 بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه،‌ بەڵام له‌ڕاستیدا  پێویستی به 3000 بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه.‌

 سه‌باره‌ت به‌ ده‌رمانه‌كانی نه‌خۆشی تالاسیمیاو شێرپه‌نجه‌ی خوێنیش، ئه‌وه‌ی خستەڕوو كه‌ چاوه‌ڕوانن به‌ زووترین كات به‌ ده‌ستیان بگات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه.‌

لای خۆيشیه‌وه‌ جه‌واد موسه‌وی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی گرت و به‌ بكوژی نە‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ی خوێن و تالاسیمیا تۆمەتباری كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ نزیكه‌ی 4 مانگه‌ ده‌رمانی پێویستیان بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ دابین نه‌كردووه‌ و به‌ڵێنی دا  لێپێچینه‌وه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌مان بكه‌ن. ‌