ناس کورد-
بەشێک لە قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدین دژی بەرزی رێژەی دەرنەچوون گردبوونەوە و دەڵێن، ڕێژەی دەرچوون لە زانکۆکە %8ـە، داواش دەکەن پێداچوونەوە بە نمرەکاندا بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی حوزەیرانی 2021) بەشێک لە قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر لە بەردەم زانکۆکە گردبوونەوە و ڕایانگەیاند ڕێژەی دەرچوون لە زانکۆکە %8ـە.
ئەو قوتابیانە لە گردبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند، بەهۆی خراپی دۆخ و ئاستی خوێندن زۆرینەیان دەرنەچوون و بەشێکیشیان دەڵێن، "غەدرمان لێکراوە."
یەکێک لە قوتابییەکان ئاماژەی بەوەکرد، "لێرە ناتوانین قسە بکەین و ڕەخنە بگرین، بچوکترین قسە دەکەین مامۆستاکان توڕە دەبن و قسەمان پێدەڵێن."
قوتابییەکی دیکە باس لەوەدەکات، "خوێندن لێرە تەنها بووەتە مەلزەمە، وانە خوێندن و ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن نییە، تەنها مەلزەمە دەکڕین و وانەکان لەبەر دەکەین، هەموو خوێندنی ئێمە ئەوەیە."
ئەوان داوا دەکەن سەرۆکایەتی بەشەکان و زانکۆی سەڵاحەدین پێداچوونەوە بە ئەنجامەکاندا بکات و وەزارەتی خوێندنی باڵاش پێداچوونەوە بە سیستمی خوێندندا بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بەوتەی خۆیان، نوێنەریان چووەتە لای سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.