ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانێتی سائیرون ئۆباڵی دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە دەخاتە ئەستۆی هەرێم، قسەکانى وەزیرى دارایش لەبارەى پشکى هەرێمەوە بە "پێچەوانەى یاسا" ناودەبات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماوەی دوومانگ زیاترە یاسای بودجەی 2021ی عێراق پەسەندكراوە، بەڵام هێشتا بەجێبەجێنەکراوى ماوەتەوە، هەرێم و بەغداش بەردەوامن لە دانوستان بۆ دۆزینەوەى میکانزمى تایبەت بە جێبەجێکردنى یاساکە.
ناجی ردیس، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانێتی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر ( 14ی حوزەیرانی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان تائێستا پابەندی ڕێککەوتنەکەی نەبووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و هیچ بڕە پارەیەکی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق نەکردووە".
وتیشی، "حکومەتی هەرێم نایەوێت پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بێت کە لە یاسای بودجەی گشتی 2021دا جێگیرکراوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک حکومەتی عێراقیش ناتوانێت پێشێلی یاسای بودجە بکات و پشکی هەرێم ڕادەست بکات بەبێ ئەوەی هەولێر داهاتەکانی ڕادەستی وەزارەتی داریی نەکات".
لەگەڵ بەردەوامى دانوستانەکان بۆ جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە، ماوەى چەند رۆژێکە لێدوانێک بەناوى عەلی عەلاوی، وەزیرى دارایی عێراقەوە بڵاودەکرێتەوە لەبارەى نەناردنى پشکى هەرێم، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە، هەرچەندە وەزارەتەکە هێشتا هیچ ڕونکردنەوەیەکى لەو بارەیەوە نەداوە.
ناجی ردیس وتى، "وەزیری دارایی ناتوانێت بەهیچ شێوەیەک بە پێچەوانەی یاسای بودجەوە کاربکات، ئەو بابەتە لە هیچ دەقێکی ڕێککەوتنەکەدا باس نەکراوە، بۆیە ئەوەی داوای کردووە یاسایی نییە".
بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی کە لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە، حكومەتی هەرێم 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەدوای لێدەركردنی شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت و كرێی گواستنەوە و پارەی پترۆدۆلار، دەبێت داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان ڕادەستی بەغدا بكات، لەبەرامبەریشدا بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات.