ناس کورد-
وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بەستراون و "بەهۆیەوە بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەرزبووەتەوە و تا ئاستێکی باش دادپەروەری لە دابەشکردن و پێدانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان بەدیهاتووە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی پێوەری زیرەک بە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی کارەبای هەرێمی ڕایگەیاندووە، لە %48 هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان خاوەن پێوەری زیرەکن و لە کۆی 1,480,000 هاوبەشی کارەبا، پێوەری زیرەک بۆ نزیکەی 700,000 کەسیان بەستراوە و هەر دوو کرداری دیاریکردنی وزەی کارەبا و چاپکردنی پسوڵە بە سیستەمی تۆڕی زیرەک کەوتوونەتە کار.
بە قسەى عەلی ئیسماعیل، بە هۆی بەسترانی %48 پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئەم سوودانەی خوارەوە بەدەستهاتوون:
- کەمکردنەوەی رێژەی بەفیرۆدانی وزەی کارەبا لە لایەن هاوبەشانەوە.
- بەرزبوونەوەی رێژەی پێدانی کارەبای نیشتمانی.
- کەمکردنەوەی کارپێکردنی مولیدە ئەهلییەکان کە بووە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی هاوبەشانی مولیدە ئەهلییەکان بۆ پێنج هەزار دینار لەم مانگەدا، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراق (15-10) هەزارە.
- کەمبوونەوەی پیسبوونی ژینگە.
- کەمبوونەوەی کێشەی هاوبەشان لە ڕووی وزەی کارەبا و زیادبوونی متمانەی هاووڵاتییان بە کارەبای نیشتمانی.
- لە دوورەوە خوێندنەوەی پێوەرەکان، بە بێ هەراسانکردنی هاووڵاتییان و لە دەرگاکانیان نادرێت.
- کەمکردنەوەی سەرپێچی.
- دادپەروەری لە ئەژمارکردنی وزەی بەکارهاتوو مسۆگەر بووە.
- پسوولەی کارەبا، مانگانە کە پێشتر دوو مانگ جارێک بوو.
باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی کارەبا لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا دەستی بە پەرپێدانی کەرتی کارەبا کردووە و بە دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی، بەرەو چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی کارەبا هەنگاو دەنێت. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە هاوکاری و متمانەی هاووڵاتیان هەیە.