ناس کورد-
کۆبوونەوەی وەزیری دارایی و سەرۆکی لیژنەی چاکسازی لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات و ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە، کێشەی نەگەڕانەوەی داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی چارەسەر بووە، بەڵام بارودۆخی موچە هەربەمشێوەیە بەردەوام دەبێت، دەشڵیت، لەبارەی لێبڕینی موچە وەزیری دارایی وتویەتی، ئەوە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (دووشەممە 12ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "کۆبوونەوەکە زیاتر تایبەت بوو بە سستی جیبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە لە هەندێک وەزارەتدا لەسەدا سفرە، بۆ نمونە هیچ چاکسازییەک لە گرێبەستە نەوتییەکاندا نەکراوە، لە وەزارەتی پێشمەرگەدا نەکراوە."
وتیشی، "سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێم، لە کۆبوونەوەکە ئەوە تێگەیشتین کە ئەگەر داهەتی ڕاستەقینە نەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی ئیدارەدەیەکی سیاسیی نوێ لەدایک نەبێت و چاکسازییەکی ڕاستەقینە نەکرێت، ئەوا دۆخی دارایی هەر بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت و موچە هەربەمشێوەیەی ئێستا هەواڵی بەپەلە دەبێت."
بەوتەی عومەر گوڵپی، لەبارەی لێبڕینی موچەوە وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، لێبڕینی موچە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەرداوە، لابردنیشی پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە.
سەبارەت بە موچەی ئەم مانگەش، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەکرد، "ئەوەمان پێوترا کە کێشەی نەگەڕانەوەی داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی چارەسەرکراوە و ئەوەی مانگی ڕابردوو دروست بوو ئەم مانگە دروست نابێت و لەکاتی خۆیدا موچە دابەش ناکرێت."
بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، سەبارەت بە داهاتی نەوتی وەزیری دارایی وتویەتی، "داهاتی نەوت پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و پەیوەندی بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە هەیە، لەئێستادا مانگانە 300 ملیۆن دۆلار دەنێرنە وەزارەتی دارایی."