گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەکارهێنانى نەخۆش بۆ پەیداکردنى پارە’’

تەندروستى سلێمانى پەردە لەسەر گەندەڵى ’’هەزاران پزیشک’’ هەڵدەماڵێت

2021.06.13 - 22:12
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستى سلێمانى پەردە لەسەر گەندەڵى ’’هەزاران پزیشک’’ هەڵدەماڵێت

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى رایگەیاند، هەزاران پزیشک لەگەڵ کۆمپانیاکانى دەرمان ڕێککەوتوون بۆ ساغکردنەوەى دەرمان و نەخۆش بەکاردەهێنرێت بۆ پەیداکردنى پارە، زۆرجاریش نەخۆش لەنەخۆشخانەى حکومییەوە لە بەرژەوەندى کەرتى تایبەت گواستراوەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەباح هەورامى ئەمڕۆ یەکشەممە لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاى یەکێتى وتى "پزیشک سودێکى زۆرى لەبێسەروبەرەیی سیستەمى تەندروستى وەرگرتووە، لەبەرئەوەى کەرتى گشتى و تایبەت جیانەکراوتەوە".

 

وتیشى "زۆرجار نەخۆشخانەکانى ئێمە بەکاردەهێنرێت بۆ بەرژەوەندى کەرتى تایبەت، زۆرجار لە نەخۆشخانە حکومییەکانەوە نەخۆش دەبرێتە کەرتى تایبەت، ئێمە بوینە قوربانى ئەو تێکەڵاوییە".

 

هەورامى باسى لەوەشکرد، جۆرێک لە رێککەوتن هەیە لەنێوان بەشێک لە پزیشکان و دەرمانخانەکان و نەخۆشەکان بەکاردەهێنرێن بۆ پەیداکردنى پارە لەدەرمانخانەکان، سەرەڕاى ئەوەى بەشێک زۆر لە پزیشکان و کارمەندان کەسانى دڵسۆزن، بەڵام بەشێکى زۆریش هەیە کە پیشەکەیان قۆستووەتەوە بۆ پەیداکردنى پارە.

 

دەشڵێت، هەروەها هەزاران دکتۆر هەیە کە لەگەڵ کۆمپانیاکانى دەرمان ڕێککەوتوون بۆ ساغکردنەوەى دەرمان "ئەوە لەهەموو جیهان هەیە و پێمان کۆنترۆڵناکرێت زۆربەى زۆرى کۆمپانیاکان لەرێگەى دیارى و گەشتەوە دەتوانن کاڵاکانیان ساغ بکەنەوە".

 

بەوتەى هەورامى، چارەسەرى ئەو دۆخە بە جیاکردنەوەى کەرتى گشتى و تایبەت دەبێت، بەڵام بەوتەى ئەو، زۆرجار ئەوانەى نێوەندگیرن لەنێوان وەزارەت و ئەنجومەنى وەزیران لەو دۆخە تێناگەن، بۆیە هەوڵەکانیان لەو بارەیەوە بێئەنجام بووە.

 

"ئێستا دۆخەکە بەجۆرێکە نەدەتوانین هەموو شتێک پێشکەش بکەین، نە ئەوەشى پێشکەشى دەکەین کوالێتییە، دەبێت حکومەت چەند سێکتەرێکى وەک فریاگوزاریی و چارەسەرى شێرپەنجەیی بێبەرانبەر پێشکەش بکات، ئەوەى تر بە هەماهەنگى لەگەڵ کەرتى تایبەت بەشێوەى دڵنیایی پێشکەشى بکات"، سەباح هەورامى وایوت.