گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چوار کەس بوونە قەرەبرووت

وردەکاریی هێرشى فڕۆکەکانى تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە قەڵادزێ

2021.06.13 - 21:03
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی هێرشى فڕۆکەکانى تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە قەڵادزێ

ناس کورد-

 

دەنگێکى گەورە کە دوکەڵێکى چڕى لێ بەرزبووەوە عەبدولواحید محەمەدى تاساند، کە دواتر دەرکەوت هێرشى فڕۆکەى تورکیا بووە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک کە چوار کەس تێیدا بوونە قەرەبرووت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

محەمەد کە لە گوندى کانیلانەى ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێ سەرقاڵى شوانکارەیە، هەر لەگەڵ بیستنى دەنگەکە لەگەڵ گوندنشینەکانى دیکە بەرەو شوێنەکە چوون بە ئامانجى کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ئاگرەى بەهۆى بۆردومانەکەوە کەوتبووەوە، بەڵام کە چونە شوێنەکە ئۆتۆمبێلێکیان بینى کە بەتەواوى سوتابوو.

 

محەمەد کە لەساتى هێرشەکەدا سەرقاڵى دروێنەکردنى گەنم بوو بە"ناس کورد" ى وت "دەنگێکی بەهێز و دوکەڵی ئاگرمان بینی کاتیک هاتین بینیمان ئۆتۆمبێلێک کەوتووە ناو  دۆڵێکەوە و ئاگری لە ناوچەکە بەردابوو".

رووداوەکە کاتژمێر ١:١٥ خولەکی پاش نیوەڕۆى یەکشەممە روویدا، کاتێک فڕۆکەیەکی جەنگى تورکیا ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە گوندی کانیلان کردە  ئامانج و بەهۆیەوە چوار سەرنشینی ناوی گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان خەڵکی سنورەکە بووە.

 

گوندی کانیلان نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە سەنتەری قەڵادزێ دورە و لە ڕوی ئیدارییەوە سەربەناحیەی هەڵشۆیە لە قەزای پشدەر.



ڕوداوەکە چۆن بووە؟

بەوتەى چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار بۆ "ناس کورد"، ڕوداوەکە کاتێک روویداوە کە سێ هاوڵاتی میوانی هاوڵاتیەکی دانیشتووى قەڵادزێ بوون بۆ نان خواردن و  لە کاتی چونیان بۆ گوندەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی تورکیاوە لێیان دراوە و بەهۆیەوە هەر چواریان گیانیان لەدەستداوە.

 

بەکر وەیسی بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ بە ناس کوردی وت "فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا لە سنوری ناحیەکەیان ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە".

 

ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی لێکراوەتە ئامانج  کێڵگەى پەلەوەرى و گاوداری و زەوی کشتوکاڵیە. بەوتەى بەکر وەیسى یەکەمین جارە لە سنورەکە تورکیا ئەو شوێنە بۆردومان بکات.

 

ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە کێ بوون؟

ناس کورد زانیویەتی یەکێک لەو چوار کەسانەی گیانیان لە دەست داوە ناوی (ئەبوبەکر تۆفیقە ) و تەمەنی ٢٩ ساڵ بووە و پیشەی کاسب بووە و تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کراوەتەوە، سیانەکەی تریش میوانی ئەو بوون و بەهۆی زۆرى سوتاوییانەوە تا ئێستا نەناسراونەتەوە.

 

لەدواى هێرشەکە چەند سەرچاوەیەکى رۆژنامەوانى باسیان لەوەکرد کە ئەو سێ کەسە سەر پارتى کرێکاران (پەکەکە) بوون، بەڵام تا ئێستا ئەوە بەفەرمى لەلایەن پەکەکەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە، هەروەها تورکیاش هیچ راگەیەنراوێکى لەبارەى هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.