ناس کورد-
دەستەى خانەنشینى عێراق ڕایگەیاند، هیچ فەرمان و ڕێنماییەکیان لەبارەى زیادکردنى موچەى خانەنشینانەوە پێ نەگەیشتووە و بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەکانى ڕابردوودا داوایان لە ئەنجومەنى وەزیران کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلا محەمەد بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى دەستەى خانەنشینى گشتى عێراق (13ى حوزەیرانى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق ڕایگەیاند، زیادکردنى موچەى خانەنشینان دەبێت بەیاسایەک لەلایەن پەرلەمانەوە خەرج بکرێت و دەستەکەش تەنها لایەنێکى جێبەجێکارە و بەڕێنمایى و یاساکان لەلایەن دەزگا تایبەتمەندەکانەوە کار دەکات و دەسەڵاتى ئەوەى نییە خۆى پارەى زیادە بۆ خانەنشیان خەرج بکات.
دەشڵێت، وەکو دەستەکەیان قسەیان لەگەڵ نوسینگەى سەرۆک وەزیراندا کردووە بۆ گەیاندنى داواکارى خانەنشینان پەیوەست بە زیادکردنى موچەکانیانەوە و هەروەها دەرکردنى یاسایەکى تایبەت بۆیان، بەڵام تا ئێستا نە بەڕێنمایى و نە بەهیچ فەرمانێک وەڵامیان لەو بارەیەوە نەدراوەتەوە.
محەمەد جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، لەماوەکانى ڕابردوودا دەستەکەیان بۆ تەواوکردنى ڕێکارەکانى کاروبارى ئەو فەرمانبەرانە کردووە کە ڕەوانەى خانەنشینى دەکرێن بەهۆى دابەزاندنى تەمەنى خانەنشینیەوە و هەوڵیان داوە ناسنامە بۆ هەزاران خانەنشین دەر بکەن و موچەکەیان بۆ خەرج بکەن، ئەوە سەربارى دەرماڵەى خانەنشینى کە بەشێوەى گوژمە دراوەتە ژمارەیەکى زۆرى خانەنشینان.
بەڕێوەبەرى دەستەى خانەنشینى باسى لەوەش کردووە، موچەى خانەنشینى مەدەنى و سەربازییەکان لەسەرەتاى ساڵەوە لەوادەى خۆیدا بێ دواکەوتن خەرج دەکرێت و وەزارەتى دارایش سوورە لەسەر خەرج کردنى دەرماڵەکان لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا.
پێشتر لەساڵى 2019 ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ڕەزامەندى لەسەر پڕۆژەى هەموارکردنى یاساى خانەنیشى یەکگرتووى ژمارەى 9ى ساڵى 2014 پیشاندا ئەوەش وەکو بەشێک لە پڕؤژەى چاکسازى کە لەسەر خواستى خۆپیشاندەرانى عێراق خرایە بەرنامەى کارى حکومەتەوە.