ناس کورد-
نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی ھەشتای سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای فەرمانی مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی یەکەی ھەشتا بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە دەستیان بە ھەنگاوی کردەیی کردووە و چەند لیوایەکیان دروست کردووە و سەرجەم ھێزەکان دەکرێنە لیوا و دهخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەجات عەلی (یەکشەممە 13ی حوزەیرانی 2021) به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگهیاندووە، " دوای فەرمانی سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی یەکەی ھەشتا بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە دەستمان بە ھەنگاوی کردەیی کردووە و ئێستا خەریکی ئەوەین یەکەی ھەشتا بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوسراو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین بۆ جێبەجێکردنی کارەکە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئێمە دەستمان بە ھەنگاوی کردەیی کردووە و ھەموو ھێزەکان لەشێوەی لیوا رێکدەخرێنەوە و دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، لەئێستاشدا چەند لیوایەک دروست کراون و تەنھا ماوە نوسراوی خستنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە بکەین و ئاراستەی وەزارەتی بکەین."
فەرماندەی یەکەی ھەشتای ھێزی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، " کواستنەوەی یەکەی ھەشتا بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە پێویستی بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانیش ھەیە رەزامەندی دەربڕێت."
ڕوونیشیکردووەتەوە، " دیار نیە ھەمووی دەبێتە چەند لیوا، چونکە بەپێی میلاک دەبێت کە چەندە و دەبێتە چەند لیوا، بەڵام ھەمووی دەکرێتە لیوا."
سەبارەت بە یەکەی 70ش، نەجات عەلی ئاماژەی بەوەکردووە، " ئاگاداری یەکەی 70 نین و بڕواناکەم جارێ ئەوان ھەنگاویان نابێت."