گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داربەدەستەکەى کازمی

گروپە چەکدارەکان هەوڵی لەناوبردنی ’’داربەدەستەکەى کازمی’’ دەدەن

2021.06.13 - 11:00
App store icon Play store icon Play store icon
گروپە چەکدارەکان هەوڵی لەناوبردنی ’’داربەدەستەکەى کازمی’’ دەدەن

ناس کورد-

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرای کرد، گروپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران  هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەر بۆ دوورخستنەوەی ئەحمەد ئەبو ڕەغیف، بەرپرسی لیژنەی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی گەندەڵی کە لایەن خودی کازمییەوە ئەوکاری پێ سپێردراوە و بە "داربەدەستەکەى کازمی" ناسراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" (13ی حوزەیرانی 2021) لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەکردووە، کەتیبەکانی حیزبوڵا کە یەکێکە لە گروپە چەکدارە عێراقییە نزیکەکان لە ئێرانەوە هەڕەشەیان لە حکومەتەکەی کازمی کردووە کە نابێت چیدی هیچ سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی هاوشێوەی قاسم موسلیح و بە هیچ پاساوێک دەستگیربکرێت، بەپێچەوانەوە ئەوان هەڵوێستی تووندیان دەبێت و جارێکی تر گوێ بەهیچ لایەنێک نادەن و ڕاناوەستن تاوەکو "دەستدرێژکاران" نەخەنە زیندانەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستوپێوەندەکانی کازمی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "هەڕەشەکانی ئەمجارەی حیزبوڵا وەک یاخیبوونێک دژ بەو هەوڵانەی ئیسماعیل ئاقانی، فەرماندەی سوپای قودس ئێران لە قەڵەم دراوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان حکومەت و ئەو گروپانە لەسەروبەندی دەستگیرکردنی موسڵیح لەلایەن لیژنەکەی ئەبو ڕەغیفەوە".

 

زیاتر بخوێنەوە: ڕاپۆرتێكی ئەمەریكی نهێنییەكانی ئازادكردنی فەرماندەكەی حەشد ئاشكرا دەكات

 

ڕاپۆرتەکەی "الشرق الاوسط" ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەئێستادا کەتیبەکانی حیزبوڵا و چەند گروپێکی چەکداری دیکەی نزیک لە ئێران بەڕاشکاوانە داوای دورخستنەوەی ئەبو ڕەغیف دەکەن بەتایبەتی دوای ئەوەی ناوبرا و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مستەفا کازمی، لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا سەپەرشتیکردنی لیژنەیەکی تایبەتی بە (تاوانە بێوێنەکان)ی پێ ڕاسپێردرا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی گەندەڵی".

 

ئەحمەد ئەبو ڕەغیف لە ساڵی 2008دا لە حکومەتەکەی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی عێراق پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆی هەبووە، بەڵام بەهۆی گومانی مالیکی لێی کە لە هەوڵی ئەوەدابوو کودەتا بکات لە پۆستەکەی دوورخستەوە و دواتر لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، سەرۆکی حکومەتی پێشووتر کراوە بە بەڕێوەبەری کاروباری هەواڵگریی و لێکۆڵێنەوەکان، دواتریش کازمی پلەی بەرزکردووەتەوە وئەرکی تری پێی سپاردووە".

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، "لایەنە سیاسییەکان کازمیان تۆمەتبارکردووە بەوەی کە ئەبو ڕەغیف بەکاردەهێنێت بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانی و هاوکات ئەو ئەفسەرەشیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە لەڕێگەی ئەشکەنجەدان و دانپێدانی بەزۆر وتەکان لە زیندانییەکان وەردەگرێت".

 

زیاتر بخوێنەوە: ئەبو ڕەغیف كێیە كە میلشیای ڕبعوڵڵا وێنەكانیان بەرزكردەوە لەبەغدا؟

 

لای خۆیەوە مستەفا کازمی لەسەر ئەو تۆمەتانە لەمانگی شوباتی رابردوودا وەڵامی نەیارە سیاسییەکانی دایەوە وتی، "لیژنەکەی ئەبو ڕەغیف بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی کارەکانی بۆ لەناوبردنی گەندەڵی، سەرباری ئەو درۆیانەی کە دەکرێن بۆ بەلاداڕێبردنی ئەرکە سەرەکییەکەی".

 

بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەشێک لەو بەرپرسانەی کە ئاگاداری کارەکانی لیژنەکەی ئەبو ڕەغیف بوون ئاماژەیان بەوەکردووە، "لیژنەکە توانیویەتی لەماوەی ڕبردوودا چەند تۆڕێکی گوماناوی تایبەت بە گەندەڵی و تاوانی ڕێکخراو کە تێیدا چەندین سەرکردەی پلە باڵای پرۆسەی سیاسی عێراق و فەرماندەی گروپە چەکدارەکان و فەرمانبەرانی پلە باڵای حکومەتی لەخۆ گرتووە ئاشکرا بکات".



ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەوەی زیاتر کاری لیژنەکەی ئاڵۆز کردووە لەئێستادا دەستگیرکردنی قاسم موسڵیح، فەرماندەکەی حەشدی شەعبی بوو کە ئەوەش وایکردووەکە ئەو گروپانە داوای ئەو بکەن وەک مەرجێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شڵەژاوی نێوان حکومەت و ئەوان ئەبو ڕەغیف لە کارەکەی دووربخرێتەوە، بەجۆرێک یەکێک لە مەرجەکانی حیزبوڵا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی لەگەڵ حکومەت، دادگاییکردنی ئەحمەد ئەبو ڕەغیف بووە".

رئيس الوزراء العراقى يشيد بجهود جهاز مكافحة الإرهاب فى التصدى للإرهاب -  اليوم السابع

ئەوەشخراوەتەڕوو، " بەشێک لە گروپە چەکدارەکان پێیانوایە ئەبو ڕەغیف بەبێ هودە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی وهیچ شتێک ئەو ڕاناگرێت، ئەگەری هەیە ئەرکی داهاتووی دەستگیرکردنی کەسانی باڵا بێت لە ناو کایە سیاسییە شیعییەکاندا".

 

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەناو دەستەی حەشدی شەعبی بە ڕۆژنامەکەى وتووە، "زانیارییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەبو ڕەغیف فەرمانی نوێی پێیە بۆ دەستگیرکردن و بەم نزیکانە جێبەجێ دەکرێن".

 

سەرچاوەکانی ناو حکومەتی عێراقییش ئەوەیان ئاشکراکردووە، "کازمی کۆشش دەکات بۆئەوەی بتوانێت دوچاری ئەو فشارانە بێتەوە کە دەخرێنە سەری و نایەوێت بەهیچ شێوەیەک ئەبو ڕەغیف لەدەست بدات".

 

زیاتر بخوێنەوە: لیژنەكەی كازمی فەرمانی گرتن بۆ 35 بەرپرس دەردەكات

 

هاوکات فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەجەف بە "الشرق الاوسط" وتووە، "گروپەکانی حیزبوڵا، نوجەبا و عەسائیب دەیانەوێت قەیرانی دەستگیرکردنی موسلیح بۆخۆیان بقۆزنەوە و زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتربکەن بە ئاڕاستەی ناچارکردنی کازمی بۆ دوورخستنەوەی ئەبو ڕەغیف".

 

فەرماندەکەی حەشدی شەعبی ئەوەشی وتووە، "ئەو گروپانە بە نێوەندگیرییەکانی ئێران و هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ڕازی نیین و دەیانەوێت هەنگاوی کرداری دژ بە کازمی بهاوێژن کە ئەوەش ڕای هەموو لایەن شیعییەکان نییە".

 

سەرچاوەیەکی تایبەت بە ڕۆژنامە عەرەبیەکەی وتووە، "لە ئێستادا حەشدی شەعبی دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە ئەبو ڕەغیف بکاتەوە و حکومەتەکەی کازمی ڕیسوا بکات، ئەوەش لەرێگەی میکانزمە دەستورییەکانەوە بەجۆرێک ئەبوڕەغیف بانگهێشتی پەرلەمان بکات".

 

ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر عەبدول ئەمیرمەیاحی، ئەندامی هاوپەیمانێتی فەتح لە لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، "لیژنەی دەسپاکی چاوەڕێ ڕەزامەندی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بۆ بانگهێشتکردنی ئەبو ڕەغیف و ئەگەر ئەو داواکارییە ڕەت بکرێتەوە ئەوا ئەوان ڕێکاریی یاسایی دەگرنەبەر، بەشێک لە لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت پرۆسەی میواندارییەکەی ناوبراو لە پەرلەمان بگۆرن بۆ لێپرسینەوە کە دواتر بە دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی و لە دەزگای سەربازییەکان کۆتایی پێی بێت".