ناس کورد-
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینی ناکەن نرخی نەوتی خاو لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا لە 75 دۆلار زیاتر بچێتە سەرەوە و لە 68 دۆلاریش کەمتر بێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیحسان عەبدولجەبار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (13ی حوزەیرانی 2021) وتی، ئەو نرخەی ئێستا هەیە بەهۆی پابەندبوونی وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانیەتی بۆ کەمکردنەوەى بڕی بەرهەمهێنان.
ڕۆژی هەینی، نرخی نەوتی خاو بەرزترین ئاستی تۆمار کرد لەماوەى چەند ساڵی ڕابردوودا و بۆ سێیەم هەفتە لەسەریەک زیادی کرد، ئەوەش بەهۆی باشتربوونی خواست لەسەری و خێراکردنی هەوڵەکانی پێدانی ڤاکسین لە جیهاندا.
بەپێی دواین داتاکان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت حەوت سەنت زیادی کردووە و گەیشتووەتە 72.59 دۆلار.
هاوکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساس 55 سەنت زیادی کردووە و یەک بەرمیل بە 70.81 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکریت.
پێشتر ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی مانگانەى خۆیدا ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانیان بڕی بەرهەمهێنان زیاد بکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو خواستەی کە لەسەر نەوت دروستبووە بەهۆی باشتربوونی دۆخی کۆرۆنا لە جیهاندا.