گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’برازاى مام جەلالم بەڵام دەیشارنەوە’’

دایکى دکتۆرە باخان: کارێک بە کچەکەم کراوە لە تەکساسیش شتى وەها ناکرێت

2021.06.12 - 12:58
App store icon Play store icon Play store icon
دایکى دکتۆرە باخان: کارێک بە کچەکەم کراوە لە تەکساسیش شتى وەها ناکرێت

ناس كورد-

لەسەر کەیسى زیندانيکردن و هەڕەشە و جێهێشتنى سلێمانى بەرەو هەولێر، دایکى دکتۆرە باخان هاتە دەنگ و دەشڵێت، "لە بەرامبەر ئاشکراکردنى کەیسى گەندەڵیدا کارێک بە کچەکەم کراوە لە تەکساسیش شتى وەها ناکرێت" و جەخت دەکاتەوە ئەو "من برازى مام جەلالم بەڵام دەیشارنەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە لەماڵەکەى خۆى سازى کرد و پەیامنێرى "ناس کورد" ئامادەى بوو، ئامینە محەمەد ساڵح، دایکى دکتۆرە باخان، ئەو پزیشکەى لە چەند ڕابردوودا دوای دوو ڕۆژ زیندانیکردنى لە ئاسایشى سلێمانى ئازادکرا و سلێمانى بەرەو هەولێر بەجێهێشت ڕایگەیاند، "کچەکەى من بەرگرى لە هەژاران کردووە و کەیسی گەندەڵیی دەرمانى ئێکسپایەرى ئاشکرا کردووە، کەچى ئاسایش دەستگیرى دەکەن و زیندانى دەکەن".

 

دەشڵێت، "ئاسایش 60 کەسى هێنایە سەر ماڵەکەم کە من ئیفلیج و نەخۆشم، مۆبایلەکانیان بردووین و هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم و هەڵیانتەکاندووە، من 25 ساڵە لێرەم و زیانمان بۆ کەس نەبووە".

 

"هەڕەشەی کوشتنی دایک و خوشک و دوو منداڵەکەى کراوە"


وتیشى، "داواکارین ئەو کەیسە بە سیاسی نەکرێت و لە ئاسایش وەربگرێتەوە و بدرێتە دادگایەکى دادپەروەر، هەڕەشەیان لێکردووە کە دایکت دەکوژین و مناڵەکانت دەکوژین و ئینجا خۆشت دەکوژین و ئێستا مناڵەکانیشى ترسێنراون ئەوانە گوناهیان چیە"


دایکى دکتۆرە باخان باسى لەوەش کرد، جاروبار بە تەلەفۆنى تر پەیوەندى بە خوشکەیەوە دەکات چونکە خۆى مۆبایلى پێ نییە و سۆراغى مناڵەکانى بەو شێوەیە لە هەولێرەوە دەکات.

 

هەر لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەشدا، خوشکێکى  باخان وتى، "ئەو گەندەڵى ئاشکرا کردووە، شایەنى ڕێز و سوپاسە نەک هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەى و ئێستاش مناڵەکانى لە دۆخێکدا کافریش پێى قبوڵ ناکرێت".


کەسوکارەکەى دکتۆرە باخان داواشیان کرد، ژیانى فەراهەم بکرێت لەڕووى ئاسایشەوە و کەیسەکەى ببرێتە دادگایەکى دادپەروەر ئەوکات لە هەولێر دەگەڕێتەوە و دەست بە دەوامەکەشى دەکات.

 

لە کۆتایى وتەکانیدا دایکى دکتۆرە باخان باسى لەوەش کرد، "ئەوانە کۆمەڵێک بەڵگەن بەدەستمەوە کە من ناوم ئامینە محمەد ساڵح بورهان برازاى بەڕێز مام جەلالم بەڵام حاشام لێ دەکەن بۆ ئەوەى میرات وەرنەگرم".

me_ga.php?id=4023me_ga.php?id=4025me_ga.php?id=4022me_ga.php?id=4027me_ga.php?id=4024me_ga.php?id=4026

 

ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو باخان ئازاد کە پزیشکە و لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە دەوامی کردووە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە "هەندێک کاری نایاسایی" لە بەرێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە کرد و هەندێک لەو کەموکوڕیانەی خستەڕوو.

 

دواتر ڕۆژی 3ی حوزەیرانی 2021، لە کۆنفرانسێکی دیکەدا دکتۆرە باخان ڕایگەیاند، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە و ئازاری دەروونی دراوە.

 

باسى لەوەش کرد، پێشتریش بانگیان کردووە بۆ ئاسایش و داواى پڕکردنەوەى بەڵیننامەیان لێکردووە کە نابێت باسى گەندەڵییەکانى کەرتى تەندروستیى هەڵەبجە بکرێت.

 

دکتۆرە باخان ئەوەشى خستەڕوو، "لە ئاسایش لەگەڵ ژنانى کەسوکارى داعش و تیرۆریست و تۆمەتبارانى مادە بێهۆشکەرەکاندا دەستبەسەر بووم، ڕێکخراوێکى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانیش هات، بەڵام نەیانهێشت بیانبینم."

 

ئەو دکتۆرە وتیشى، کەسوکاریان زۆر ماندوو بێزار کردووە و دەستى دەستیشیان پێکردووە و دادوەریش بڕیارى ئازاد کردنى داوە، بەڵام بۆ شەڕو ئازارى دەروونى دوو ڕۆژ دواى فەرمانى ئازاد کردنەکەش لەزیندان هێشتوویانەتەوە.

 

د. باخان ئەوەشى ئاشکرا کرد، "هەڕەشەى ئەوەم کرد کە وەکو زانا محمەدى قایمقامى پێشووترى سلێمانى خۆم دەخنکێنم ئینجا ئازادیان کردم."

 

ئەو دکتۆرە داواشى لە دادوەرى ئاسایش کرد، کە بێ لایەنانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکات و نەچێتە ژێر کاریگەرى هیچ لایەنێک.

 

لە بەشێکى ترى وتەکانیدا دکتۆرە باخان بەرگرى لەبەشێک لەو زیندانى کراوانە کرد کە لەناو ئاسایشدان و بەوتەى ئەو بەبێتاوان دەستگیرکراون و داواشى لەڕێکخراوە تایبەتمەندەکان کرد بچنە هانایانەوە.

 

هەر لەسەر لەسەر کەیسی ناوبراو، وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، د. باخان چووەتە ماڵیان بە نهێنی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی تۆمار کردووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی کردووە، دەشڵێت نۆ ملیۆنی 60 پزیشکی "دزیوە" بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.

 

د. شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (پێنجشەممە 3ی حوزەیرانی 2021) ڕایگەیاند، "باخان ئازاد بەهیچ شێوەیەک لەسەر ئەو قسانەی لەماوەی ڕابردوودا کردی دەستگیرنەکراوە و لەسەر سکاڵای من دەستگیرکراوە، با ڕۆژنامەنوسان بچن بەدواداچوون بکەن بزانن لەسەر چی دەستگیرکراوە."

 

وتیشی، "ئەو پزیشکە واژۆی بەڕێوەبەر و جێگری بەرێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجەی ساختە کردووە و پارەی زیاتر لە 60 پزیشکی خواردووە کە نزیکەی نۆ ملیۆن دینارە هەر بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە."

 

باسی لەوەشکرد، "ئەو هاتووەتە ماڵی ئێمە و لە ماڵمان ماوەتەوە، بەڵام بە نهێنی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی من تۆمارکردووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوە وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوم لێدەکات، بۆیە من سکاڵام لەسەر تۆمارکردووە لە دادگای سلێمانی و داواتر کەیسەکە ڕەوانەی ئاسایشی سلێمانی کراوە."

 

د. شاناز نەقشبەندی باسی لەوەشکرد، "کێشەی ئەو ئەوەیە کە من کراوم بە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە، بەڵام من بە مافی خۆم ئەو پۆستەم وەرگرتووە."