ناس کورد-
لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و بودجەی دیاریکراوە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی 70 و 80، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە و ڕایگەیاند، پێشمەرگە سەروەری ئەو وڵاتەیە دەبێت ڕێز لە هەموو مافەکانیان بگیرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری، سەر لەبەیانی ئەمرۆ (سێشەممە 8ی حوزەیرانی 2021) ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی پێشوازی لە هەریەک لە سربەست لزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئەو وەزارەتە کرد. "
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، "لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بودجەی دیاری کراوی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی 70 و 80 یان کرد لەناو پڕۆژە یاسای پێشنیارکراوی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021. "
ئەوەش هاتووە، "هەردوولا لەسەر ئەوە کۆک بوون کەنابێت مافی پێشمەرگە بفەوتوێ و دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بودجەیەکی شایستەی بۆ دیاری بکرێت. "
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، وەزیری دارایی جەختی لەوە کردووەتەوە، پێشمەرگە سەروەری ئەو وڵاتەیە دەبێت ڕێز لە هەموو مافەکانیان بگیرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە ، "لەکۆتایدا بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی هەوڵەکانی وەزیری دارایی و وەزارەتەکەیان و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ باشتر کردنی بژێوی پێشمەرگە، ئاماژەیان بەوەدا کە دڵنیابوونەتەوە کە خودی وەزیری دارایی و ئابووری خەمخۆری پێشمەرگەیە."