ناس کورد-
شارەزایەکی ئابوری سێ هۆکاری بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار خستەڕوو کە بریتین لە، سودوەرگرتن لەڕێژەی ئەو قازانجەی لەلایەن بازرگانانی دراوەوە دەست دەکەوێت لەئاکامی کڕین و فرۆشتی دۆلار، خواست لەسەر کڕینی دۆلار لەلایەن گەشتیارانەوە، چالاکبوونی بازاری ئامێرە فێنککەرەوەکان بەهۆی گەرماوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەنارعوبەیدی (8ی حوزەیرانی 2021) لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بەدینار کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە دەڵێت "کڕێن وفرۆشتی دۆلار لەلایەن فرۆشیارانیی دراوەوە بەهیوای سود وەگرتن لەو ڕێژەیەی کەلەنێوان نرخی مەزادی دراوەکاندا هەیە لەگەڵ نرخی دەرەوەی بازارەکە، وایکردووە خواستی زیاترلەسەر دۆلار هەبێت و نرخەکەی بەرزبێتەوە، کە ئەوەش هۆکاری یەکەمی ئەو بەرزبوونەوەیەیە".
وتیشی "لەوەرزی هاویندا بەتایبەتی لەمانگەکانی (حوزەیران، تەموز، ئاب و ئەیلول) بەشێک لەهاوڵاتیان عێراق بەمەبەستی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات دۆلار دەکڕن کەتێکڕای کڕینی دۆلار لەلایەن ئەوهاوڵاتییانەوە دەگاتە نزیکە هەزار بۆ دوو هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک، ئەوەش وادەکات بەتاییەتی لەمانگی ئابدا خواستێکی زۆر لەسەر دۆلارهەبێت، ئەوەش هۆکاری دووەمە".
مەنارعوبەیدی، لەبارەی سێهەم هۆکارەوە بۆ بەرزبوونەوی بەهای دۆلار دەڵێت "بەهۆی گەرمی کەشوهەوای عێراقەوە، لەئێستادا وەک هەموو ساڵانی ڕابردوو بازارەکانی کەلوپەلە فێنککەرەوەکان و ساردکەرەوەکان خواستێکی زۆریان لەسەرە، بۆیە چالاکبوونی ئەو بازارە وادەکات بازرگانانی ئەو کەرتە بڕێکی زۆر لەدینار بگۆڕنەوە بەدۆلار ئەوەش بەمەبەستی هاوردەکردنی ئەو جۆرە کاڵایانە".
دەشڵێت "پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ قەبارەی بازرگانی ئەو جۆرە کەلوپەلانە بەربەستی دوو ملیار دۆلار تێپەڕێنێت".
نرخى 100 دۆلار پاش نیوەڕۆى یەکشەممە بۆ یەکەمجار بۆ سەروى 150 هەزار دینار بەرزبووەوە و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک بەو نرخە مامەڵەى پێوەکرا، کە بەرزترە لەو نرخەى بانکى ناوەندى دیاریکردووە.