ناس کورد-
عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، دۆخى موچە "زۆر زۆر خراپتر دەبێت"، ئەوەش بەهۆى گەندەڵى لەخاڵە سنورییەکان و جێبەجێنەکردنى یاساى چاکسازییەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلى حەمەساڵح ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لە هەولێر وتى "یاساى چاکسازیی جێبەجێنەکراوە و تا ئێستا یەک خانەنشینى نایاسایی موچەکانیان رانەگیراوە".
وتیشى "1169 وەزیر و بریکار و تایبەت و باڵا نۆ مانگە ناوەکانیان جیاکراونەتەوە، بەڵام موچەکانیان رانەگیراوە".
عەلى حەمەساڵح باسى لەوەشکرد، گەندەڵى زۆر هەیە لە خاڵە سنورییەکان و بەناوى جیاجیاوە پارەى زۆر وەردەگیرێت، ئەوەش وایکردووە ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەخاڵە سنورییەکان بەتایبەتى لە پەروێزخان و باشماخ زۆر کەمبێتەوە.
دەشڵێت، پارتى باوەڕ ناکات بە کەمبوونەوەى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەخاڵە سنورییەکانى سلێمانى و یەکێتى تۆمەتباردەکات بەوەى داهاتەکە ناگەڕێنێتەوە، لەو نێوەندەشدا خەڵک باجەکەى دەدات.
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، هەروەها ئەگەرێکى لاوازە عێراق پارە بنێرێت، بۆیە "ئەم مانگە دۆخى موچە زۆر زۆر خراپتر دەبێت لەمانگى پێشوو".